سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێی کۆنووسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات
پرسی مووچە، هەناردەکردنی نەوت و داهاتی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیران باس دەکرێت، هەرچەند لە کارنامەی کۆبوونەوەکەشدا نییە، هاوکات بڕیاریشە وەزیرە کوردەکان فشار لە سەرۆک وەزیرانی و وەزیری دارایی عێراق بکەن مووچەی تەممووزی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرن.
شەممە 9ی ئابی 2025، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە کوردستان 24ی گوت: بە ئەگەرێکی زۆرەوە پرسی مووچەی و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان وەکوو پاشکۆ بۆ کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران زیاد دەکرێت کە بڕیارە سبەی یەکشەممە کاتژمێر 01:00 دوای نیوەڕۆ بەڕێوە بچێت. هاوکات دوو کۆنووس کە لە لایەن وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی عێراق لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادە کراون لە کۆبوونەوەکە باس دەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، وەزیرە کوردەکان لە کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیران فشار لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و تەیف سامی، وەزیری دارایی ئەو وڵاتە دەکەن، بۆ ئەوەی مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات. هاوکات ئەگەر سبەی بڕیاری خەرجکردنی مووچەی بدرێت، ئەوا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 120 ملیار دینار لە داهاتی نا نەوتی لە مانگی تەممووز ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکات.
کوردستان24 زانیویەتی: خاڵی ناکۆکی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق، پرسی داهاتی نا نەوتییە کە وەزارەتی دارایی عێراق داوای ڕادەستکردنەوەی 50% داهاتی نا نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات، لە بەرانبەردا هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ ڕادەستکردنەوەی 50% داهاتی فەرمانگە حکوومییەکان پیشان داوە.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان باس دەکرێت، هەر وەکوو پێشتر حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندبوو، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکاتەوە.
هاوکات کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەهۆی چلەی ئیمام حوسێنەوە پێش خراوە، چونکە لە ڕۆژی دووشەممە تا هەفتەی داهاتوو لە بەشێک لە دامەزراوە حکوومییەکانی عێراق پشوو دەبێت، بۆیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە کۆبوونەوەکەی سبەی بڕیار لە سەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەدرێت.