ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ پرسی مووچە، هەناردەکردنی نەوت و داهاتی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران باس دەکرێت، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیارە وەزیرە کوردەکان فشار لە سەرۆک وەزیرانی و وەزیری دارایی عێراق بکەن مووچەی تەممووزی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی ئابی 2025، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە کوردستان 24ـی گوت: بە ئەگەرێکی زۆرەوە پرسی مووچەی و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان وەکوو پاشکۆ بۆ کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران زیاد دەکرێت کە بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە کاتژمێر 01:00 دوای نیوەڕۆ بەڕێوە بچێت. هاوکات دوو کۆنووس کە لە لایەن وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی عێراق لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادە کراون لە کۆبوونەوەکە باس دەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، وەزیرە کوردەکان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران فشار لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و تەیف سامی، وەزیری دارایی ئەو وڵاتە دەکەن، بۆ ئەوەی مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات. هاوکات ئەگەر ئەمڕۆ بڕیاری خەرجکردنی مووچەی بدرێت، ئەوا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 120 ملیار دینار لە داهاتی نا نەوتی لە مانگی تەممووز ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکات.
کوردستان24 زانیویەتی: خاڵی ناکۆکی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق، پرسی داهاتی نا نەوتییە کە وەزارەتی دارایی عێراق داوای ڕادەستکردنەوەی 50% داهاتی نا نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات، لە بەرانبەردا هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ ڕادەستکردنەوەی 50% داهاتی ڕاگەیاندووە.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان باس دەکرێت، هەر وەکوو پێشتر حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندبوو، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.
هاوکات کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەهۆی چلەی ئیمام حوسێنەوە پێش خراوە، چونکە لە ڕۆژی دووشەممە، تا هەفتەی داهاتوو لە بەشێک لە دامەزراوە حکوومییەکانی عێراق پشوو دەبێت، بۆیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بڕیار لە سەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەدرێت.