هەسەدە داوا لە حکوومەتی سووریا و گرووپە چەکدارەکان دەکات پابەندی ئاگربەست بن
هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)، داوا لە حکوومەتی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە دەکات، هەموو پێشێلکارییەکان دەستبەجێ بووەستێنن و پابەندی بەندەکانی ڕێککەوتنی نیسانی 2024 بن، ئەگینا هەموو ڕێکارێک دەگرنە بەر بۆ بەرگریی کردن لە ماف و ئاسایشی گەلەکەیان لە ڕۆژئاوای کوردستان.
هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) ڕایگەیاند: چوار هاووڵاتی مەدەنی کە لەنێوانیاندا منداڵێک هەیە، لە هێرشێکی چەکدارەکان بۆ سەریان لە ڕووباری دێرەزوور، برینداربوون.
لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند: گرووپە چەکدارەکان کە لەلایەن وڵاتێکی دراوسێوە پشتیوانی دەکرێن، خراونەتە ژێر سایەی حکوومەتی سووریا، دەڵێت: ئەوان بەردەوام پێشێلی ئاگربەست لە ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن، لەوانەش لە دێرەزوور، دێرحافر، بەنداوی تشرین و تل تەمەر.
لە بەیاننامەکەدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) ئاماژە بەوە دەکات، گرووپە چەکدارەکان جوڵەی گوماناوی لە دەورووبەری شێخ مەقسود و ئەشرەفییە و حەلەب دەکەن، دەڵێت: ئەم جووڵە گوماناویانە پێشێلکارییەکی ڕوونی ڕێککەوتنی دیمەشق و ئیدارەی خۆسەرە کە لە 1ـی نیسانی 2024 ئیمزا کرا.
هێزەکانی سووریای دموکرات لە بەیاننامەکە ڕایدەگەیەنێت: گرووپە چەکدارەکان زیاتر لە 22 جار هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، لە هێرشەکانیشدا چەکی قورسیان بەکارهێناوە، هێرشی زەمینیشیان کردووە و هەوڵیانداوە لە ڕووباری فورات بپەڕنەوە و هێرش بکەنە سەر بارەگاکانی هەسەدە لە دێرەزوور.
دەشڵێت: بەهۆی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکان، 11 هاووڵاتی مەدەنی برینداربوون و زیانی ماددیش بەر ماڵی هاووڵاتییان گەیشتووە، دەشڵێت: هێزەکانی سووریای دیموکرات، بەدرێژایی ماوەی ڕابردوو دوای ڕێککەوتنەکە، پابەند بووە و دانی بەخۆداگرتووە، ئاماژە بەوە دەکات، بەردەوامیدان بەو هێرشانە، متمانە لەنێوان هەردوولا لاواز دەکات، بەرانبەر ئەم پێشێلکارییانەش، حکوومەتی سووریا بەرپرسیارە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی ماف و دادپەروەری کردووە، چاودێریی پێشێلکاریی گرووپە چەکدارەکان بکەن و کاربکەن بۆ گرەنتی کردنی ڕێزگرتن لە ڕێککەوتنەکان و دەڵێت: دەستمان بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ و کاری هاوبەش لەپێناو دروستکردنی سووریایەکی ئارام و سەقامگیر، کراوەیە، لەگەلەگەڵ ئەوەشدا، ئامادەین بۆ گرتنەبەری هەر ڕێکارێکی بەرگریی لە ماف و ئاسایشی گەلەکەمان.