ئیسرائیل پێویستی بە شەش مانگ هەیە تاکوو غەززە داگیر بکات
میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە، پلانی داگیرکردنی غەززە لەلایەن سووپای ئیسرائیلەوە، بەلایەنی کەمەوە پێویستی بە شەش مانگ هەیە، ئەو بەروارەش لە دوو هەفتە پێشتر دەستی پێکردووە بە چۆڵپێکردنی زۆرەملێی دانیشتووانی غەززە بەرەو ناوچە ئارامەکان لە باشووری کەرتەکە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانیی کەناڵی(کان 11)، قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، لە گواستنەوەی زۆرەملێی 800 هەزار فەڵەستینی بۆ ناوچە ئارامەکانی دوور لە جەنگ دەست پێ دەکات، ئەو پرۆسەیەش نزیکەی 45 ڕۆژ دەخایەنێت.
بڕیارە بۆ ئۆپەراسیۆنەکە، سووپای ئیسرائیل پشت بە هێزە یەدەگەکانی فیرقەی 146 ببەستێت، لەگەڵ بڵاوپێکردنی فیرقەی 98 لە کەرتەکە، بەپێی زانیارییەکان، شەش فیرقەی سەربازیی، بەشداریی ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی کەرت غەززە دەکەن، ئەوانیش.
فیرقەی 162
فیرقەی 36
فیرقەی 98
فیرقەی غەززە
فیرقەی 99
فیرقەی 146
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل، پشت بە پشتێنەیەکی سەربازیی لە کەرتی غەززە دەبەستێت کە لە 25 ئۆکتۆبەر دەیسەپێنێت، لەگەڵ سەپاندنی گواستنەوەی زۆرەملێی دانیشتووانی کەرتی غەززە، بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ هێرشی زەمینی بکەن.
ئاماژە بەوەش دەکەن، پێشبینی دەکرێت، ئۆپەراسیۆنەکە زیاتر لە شەش مانگ بخایەنێت ئەگەر هیچ پێشوەچوونێک لە دانووستانەکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و دیلەکان نەیەتە پێشەوە.
ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرونوتی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، دوای گفتوگۆیەکی درێژ کە ماوەی زیاتر لە 10 کاتژمێری خایاند، تێیدا سەرۆکانی دامەزراوە ئەمنییەکان، لەوانەش سەرۆکی ئەرکان و سەرۆکی مۆساد، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئامادە بوون و ئاماژەیان بەوە کرد، پێویستە ناتانیاهۆ زۆر بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی سەر کەرتی غەززە بکات، زۆرینەشیان دژی بیرۆکەی داگیرکردنی غەززە بوون، چونکە پێیوان وایە بە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، ژیانی بارمتەکان دەکەوێتە مەترسیی.
بەپێی نوێترین زانیاریش، ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیل بە تەواوی وەزیرەکانی، دەیانەوێت بڕیارێک دەربکەن بۆ ناونووس کردنی دەیان هەزار گەنج لەڕیزی سووپای ئیسرائیل، بۆ ئەوەی بەشداریی ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی غەززە بکەن.