کەربەلا.. بەهۆی دزەکردنی غازی کلۆر 621 زیارەتکار تووشی تەنگەنەفەسی بوون

ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، لە کەربەلا، لە ئەنجامی دزەکردنی گازی کلۆر، 621 زیارەتکار تووشی تەنگەنەفەسی بوون.

سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سەرجەم حاڵەتەکانی تەنگەنەفەسی چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە و بە تەندروستییەکی باشەوە نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە.

لێژنەی باڵای ئەمنیی بۆ زیارەتکاران ڕاپۆرتی دا کە حاڵەتەکانی تەنگەنەفەسی کەم بوون و دەستبەجێ لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی و پزیشکی فریاکەوتنەوە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. لیژنەکە ڕوونیشیکردەوە، ڕووداوەکە لە ئەنجامی دزەکردنی کلۆر لە وێستگەیەکی ئاو لە ڕێگای کەربەلا – نەجەف، نزیک ستوونی 1200 ڕووی داوە، دۆخەکە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کراوە و ڕووداوەکە بە بێ هیچ کاردانەوەیەک کۆتایی پێهاتووە.

لای خۆیەوە بەرێوەبەرایەتی ئاوی کەربەلا ڕوونی کردەوە، دزەکردنەکە پەیوەندی بە هیچ یەکێک لە پرۆژە و وێستگەکانی بەڕێوەبەرایەتییەوە نەبووە، جەختیشی کردەوە، سەرجەم سیستەمەکانی پەمپ و تەعقیمکردن بەشێوەیەکی ئاسایی و سەلامەت کاردەکەن.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە، نەسیف خەتابی، پارێزگاری کەربەلا لە شوێنی ڕووداوەکەوە ڕایگەیاند، دزەکردنی پرۆژەی ئاوەڕۆی کەربەلا کە هەردوو پارێزگای کەربەلا و نەجەف بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کۆنتڕۆڵ کراوە. ڕاشیگەیاند، زۆربەی حاڵەتەکانی تەنگەنەفەسی، چاکبوونەتەوە و هیچ حاڵەتێکی مردن تۆمار نەکراوە. هەروەها ستایشی وەڵامدانەوەی خێرای تیمەکانی بەرگریی شارستانی و پزیشکی فریاگوزاری کرد.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment