لەسوودان زیاتر لە 250 کەس بەهۆی پەتای کۆلێراوە گیانیان لەدەستدا
لە سوودان، 225 کەس بەهۆی پەتای کۆلێرا گیانیان لەدەستداوە و تووشبووانیش پێنج هەزار و 60 کەسی تێپەڕاندووە. نەخۆشییەکە بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە بەتایبەتی لەناو کەمپی ئاوارەکان.
ئادەم ڕجال، گوتەبێژی دەستەی هەماهەنگیی گشتیی بۆ ئاوارەکانی دارفۆر دەڵێت: "پەتای کۆلێرا بەخێرایی بڵاودەبێتەوە، بەتایبەتی لە جەبەل مەرە و کەمپی ئاوارەکان."
ئاماژەی بەوەش کرد، خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بێ وێنەیە و لە ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسیدارترە بەتایبەتی لە کەمپەکانی تەویلە و نیالا لە سوودان.
ڕاشیگەیاند، 225 کەس بەهۆی پەتای کۆلێراوە گیانیان لەدەستداوە و تووشبووانیش پێنج هەزار و 60 کەسی تێپەڕاندووە.
لای خۆیەوە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، لە مانگی تەمموزی ساڵی 2024ەوە تاوەکوو ئێستا، نزیکەی 100 هەزار حاڵەتی کۆلێرا لە سوودان تۆمار کراون، ڕێکخراوەکە هۆشداری داوە لە خراپتربوونی بەدخۆراکی و ئاوارەبوونی دانیشتوان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.
تێدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە جنێڤ گوتی: لە سوودان توندوتیژی و شەڕی بەردەوام، بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی برسیەتی و نەخۆشی لە سوودان.
تێدرۆس ئەدهانۆم ڕاشیگەیاند، "پەتای کۆلێرا لە سەرانسەری سوودان بڵاوبووەتەوە، هەروەها لە مانگی تەممووزی ساڵی ڕابردووەوە تاوەکوو ئێستا نزیکەی 100 هەزار حاڵەت تۆمارکراون".
تێدرۆس ڕوونی کردەوە، هەڵمەتی کوتانی کۆلێرا لە چەند ویلایەتێک ئەنجام دراوە و هەروەها هۆشداریشیدا لەوەی ڕەنگە بەدخۆراکی زیاتر بڵاوبیتەوە و کۆلێرا و مەلاریا و تای خوێنبەربوون و نەخۆشییەکانی دیکەش زیاد بکەن.
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان لە ئەلفاشەری پایتەختی ویلایەتی دارفۆر خەڵک بۆ مانەوەی لەژیان خۆراکی ئاژەڵ دەخۆن.
ملیۆنان کەس لە سەرانسەری سوودان بەدەست برسیەتییەوە گرفتارن، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش هۆشداری داوە لەوەی کە ئەمساڵ نزیکەی 770 هەزار منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ تووشی بەدخۆراکییەکی توند دەبن.
لە 15ـی نیسانی ساڵی 2023ـەوە شەڕی ناوخۆ لەسوودان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەستی پێ کردووە، لە ئەنجامدا دەیان هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و ملیۆنان کەسیش ئاوارەبوون.
