ئەمڕۆ دوا بڕیار لەبارەی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران دەدرێت

دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ یەکشەممە 10ـی ئابی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ، دوا بڕیار لەبارەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتی نا نەوتی دەدەن.

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هەرچەندە پرسەکانی داهاتی نانەوتی، مووچەی فەرمانبەران و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە کارنامەی ئەمڕۆی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا نییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە کۆتایی  کۆبوونەوەکە دەرفەت دەدرێت باسییان لێوە بکرێت، بەمەش دەبێتە ڕۆژی یەکلاکەرەوە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش پرسی مووچەی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ، دوای تەواوبوونی بڕگەکانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، داوا لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دەکات ڕاپۆرتی خۆیان سەبارەت  بەو لێژنانەی پێکهێنراون بۆ ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، پێشکەش بکەن.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایش بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەو دوو کۆنووسەی لەلایەن وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و عێراق ئامادەکراوە، دراوەتە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، ئەویش لە کۆبوونەوەکەدا پێشکەشی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵی دەکات.

سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ کێشەیەکی نەختینە لە عێراق نییە و پارەی پێویست بۆ  تەرخانکردنی مووچە لەبەردەستە، بۆیە هەر کاتێک بڕیار بدرێت ئەو بڕە پارەیە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت، دەتوانین بەزووترین کات بڕە پارەکە بخەینە سەر هەژماری بانکیی هەرێمی کوردستان.

بەپێی زانیارییەکان، 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی مانگی حوزەیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەیە، چاوەڕێی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکرێت ئەگەر ئەمڕۆ بڕیار لە خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات، ڕاستەوخۆ 120 ملیار دینارەکە  دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ.