ڕاپرسییەک: زۆرینەی خەڵکی ئەڵمانیا داوا دەکەن دان بە دەوڵەتی فەڵەستین بنرێت

ڕاپرسییەک دەری خستووە، زۆرینەی خەڵکی ئەڵمانیا داوا دەکەن، دان بە دەوڵەتی فەڵەستین بنرێت، ئەوەش لەلای حکوومەتی ئەڵمانیا ڕەت کراوەتەوە.

پەیمانگەی فۆرسا بۆ پێوانەکردنی ڕای گشتی، ڕاپرسییەکی دەربارەی داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین لەسەر هاووڵاتییانی ئەڵمانیا بڵاوکردووەتەوە، سەدا 54 لە بەشداربووانی ڕاپرسییەکە بە بەڵێ وەڵامی ڕاپرسییەکەیان داوەتەوە، سەدا 31ـیش بە نەخێر وەڵامیان داوەتەوە.

ڕاپرسییەکە لەسەر داوای گۆڤاری ئینتەرناشینال پۆلەتیکی ئەڵمانیا، مانگی ڕابردوو(تەممووز) ئەنجامدراوە و تێیدا ڕای 1001 هاووڵاتی ئەڵمانی وەرگیراوە.

هەر بەپێی ئەو ڕاپرسییە، سەدا 59ـی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا کە زۆرینە پێک دەهێنن، داوای داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین دەکەن، 53 لە سەدی دانیشتووانی ڕۆژیاوای وڵاتەکەش، بەهەمان شێوە، داوا دەکەن دان بە دەوڵەتی فەڵەستین بنرێت.

زۆرترین ژمارەی وەڵامدەرەوەکانی ڕاپرسییەکە، تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 29 ساڵە، ڕێژەی سەدا 60 پێک دەهێنن، سەدا 58ـیش تەمەنیان زیاتر لە 60 ساڵە.

هەر بەپێی ڕاپرسییەکە، لایەنگرانی پارتی چەپ بەڕێژەی سەدا 85 داوا دەکەن دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنرێت، لایەنگرانی پارتی سەوزیش بەڕێژەی 66 لە سەد، هەمان داوا دەکەن، سەدا 52 لە لایەنگرانی پارتی سۆسیالیستی دیموکراتی و بەشدار لە هاوپەیمانیی پێکهێنانی حکوومەت، لەپاڵ داواکارانی دیکەن بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین.

نزیکەی 150 وڵات لەکۆی 193 وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستین ناوە، دوای فەرەنسا و بەریتانیا، کەنەداش بڕیاریدا هەنگاو بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین بنێت، لەگەڵ ئەوەی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی ئەوەن.