ئه‌رمینیا: هێرشێكی سوپای ئازه‌ربیجان تێكشێندرا
توانیویانه 10 زرێپۆشی ئازربیجانی تێكبشكێنن
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌رمینیا، رایگه‌یاند، هێزه‌كانی كۆماری "قه‌ره‌باغ" به‌ره‌نگاری هێرشێكی تانكه‌كانی سوپای ئازربیجان بوونه‌ته‌وه، كه ئه‌مڕۆ كردوویانه‌ته سه‌ر ناوچه سنوورییه‌كانی ئه‌و هه‌رێمه.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌رمینیا، "شوشان ستیبانیان" له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، "سوپای ئازربیجان به تانك له ئاراسته‌ی باشووری خۆرهه‌ڵاتی قه‌ره‌باغه‌وه هێرشی ده‌ستپێكردووه، به‌ڵام سوپای به‌رگری له كۆماره‌كه، رووبه‌ڕووی هێرشه‌كه بووه‌ته‌وه و توانیویانه 10 زرێپۆشی ئازربیجانی تێكبشكێنن".
به‌ره‌به‌یانی رۆژی یه‌كشه‌ممه (27ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2020)، شه‌ڕ و پێكدادان له نێوان هێزه ئازه‌ری و ئه‌رمینییه‌كان له ناوچه سنوورییه‌كانی "قه‌ره‌باغ" روویدا، ئه‌مه‌ش به مه‌ترسیدارترین ره‌وشی ئه‌و ناوچه‌یه له ماوه‌ی 20 ساڵی رابردوودا هه‌ژمار ده‌كرێت.
ئازربیجان هێزه‌كانی سوپای ئه‌رمینیا به ده‌ستپێشخه‌ری شه‌ڕ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن و "باكۆ" رایگه‌یاندووه، سوپای ئه‌رمینیا ته‌قه‌ی له ناوچه‌كانی دانیشتوان له نزیك هێڵه‌كانی سنووری نێوان هه‌رێمی "فه‌ره‌باغ" و ئازربیجان كردووه و ژماره‌یه‌ك مه‌ده‌نی گیانیان له‌ده‌ستداوه و بریندار بوون.
له به‌رامبه‌ردا ئه‌رمینیا، ئازربیجان به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كات، كه به فڕۆكه و مووشه‌ك هێرشی كردووه‌ته سه‌ر ناوچه سنوورییه‌كانی ئه‌و هه‌رێمه، كه یه‌كلایه‌نه سه‌ربه‌خۆیی راگه‌یاندووه، به‌ڵام له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا دان به سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌یدا نه‌نراوه.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌رمینیا، "نیكۆڵ باشینیان" ، رایگه‌یاند، حكومه‌ته‌كه‌ی له بابه‌تی داننان به سه‌ربه‌خۆیی كۆماری "قه‌ره‌باغ" ده‌كۆڵێته‌وه و ئه‌و پرسه تاوتوێ ده‌كات.