شاخەوان عەبدوڵڵا: گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لەبارەی نەوت گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، : ئەو لێژنانەی کە بۆ پرسی نێوان هەولێر و بەغدا پێکهێندراوە دوو بابەت تاوتوێ دەکەن، کە بابەتی نەوت و بابەتی داهاتی نانەوتی.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی ئابی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: سەرباری تێپەڕاندنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی بەعس، بەڵام حکوومەت وەک پێویستی جێبەجێی نەکردووە، ئەمڕۆش نوسراوی سەرۆک وەزیرانی عێراقیان داوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری پەرلەمان.

سەبارەت بە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی مووچە، شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: دەگەنە ڕێککەوتن، رێککەوتنەکەش لەسەر بنەمای دۆخی راستەقینەی بەرهەمی نەوت و داهاتی ناوخۆ دەکرێت.

هەروەها گوتیشی: ئەو لێژنانەی کە بۆ پرسی نێوان هەولێر و بەغدا پێکهێندراوە دوو بابەت تاوتوێ دەکەن، کە بابەتی نەوت و بابەتی داهاتی نانەوتی، گوتیشی هەردوولا لەسەر بابەتی نەوت رێککەوتن و گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەرکاتێک هەردوولا لەسەر تەواوی پرسەکان کۆببنەوە ناردنی مووچە دەخرێتە کارنامەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە.

 
Fly Erbil Advertisment