شارەوانیی هەولێر: پێنجشەممەی داهاتوو شەقامی هەولێر- بەحرکە دەکرێتەوە

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، پرۆسەی قیرتاوکردنی شەقامی سەرەکیی هەولێر- بەحرکە دەستی پێکردووە، پرۆژەکە لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەکرێت.
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: کارکردن لە قۆناغی دووەمی شەقامی 120 مەتری تاوەکوو شەقامی 150 مەتری لە سایدی چوون بۆ قەزای بەحرکە بەردەوامە و پرۆسەی قیرتاوکردن دەستی پێکردووە.
کارزان هادی گوتیشی: شەقامەکە نۆژەن کراوەتەوە و دواتر کۆنکرێت کراوە، ئەمڕۆکەش قیرتاو کرا، ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو بە فەرمی بە ڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، گوژمەی پرۆژەکە ملیارێک و 645 ملیۆن دینارە لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەست بە جێبەجێکردنی کراوە.
شەقامەکە، یەکێکە لە شەقامە سەرەكییەكانی هەولێر و جوڵە و هاتووچۆی زۆری لەسەرە و هەرسێ شەقامی بازنەیی خێراى 100 مەتریی و 120مەتریی و 150 مەتریی، بە یەکەوە دەبەستێتەوە.