نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی گەورەی قەڵای هەولێر لە کۆتاییدایە

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر ڕایگەیاند، مزگەوتی گەورەی قەڵا بە مۆرکێکی کوردەواری نۆژەنکراوەتەوە و دوای تەواو کردنی کارەکان فەرشی بۆ دادەخرێت.
فەلاح حەسەن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر بەوەکالەت، ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: کارەکانی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی گەورەی قەڵای هەولێر گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و تەنیا ماوەتەوە فەرشی نێو مزگەوتەکە دابخرێت.
فەلاح حەسەن گوتیشی: لە ناوەوە و دەرەوەی مزگەوت نەخشەسازیی هونەری بە مۆرکێکی کوردەواری بۆ کراوە، حوجرەی مزگەوت و حەوشە و تەواوی بەشەکانی لەلایەن ئەندازیارانی ناوخۆیی کارەکانی کراوە.
ئاماژەی بەوە شکرد، لەدوای تەواوبوونی مزگەوت و کرانەوەی قەڵا بەڕووی سەرادنیکەران نوێژخوێنان دەتوانرێت سەردانی بکرێت، هەروەها لە ئاییندەیەکی نزیکدا بەرد ڕێژکردنی شوێنی تۆپەکەی سەر قەڵا تاوەکوو شەقامی قیرتاوکردنەکە دەست پێدەکرێت.
مزگەوتی گەورەی قەڵات کەتووەتە گەڕەکی سەرا، مزگەوتەکە چەندینجار نۆژەنکراوەتەوە، لەوانەش ساڵانی 1719 – 1720، هەروەها لە 20 گومبەز پێکهاتووە، لە ڕابردوودا شوێنی پێگەیاندنی دەیان زانایی ئایینی بووە.
لە ساڵی 2014 ـەوە قەڵای هەولێر لەلایەن رێکخراوی یونسکۆوە، وەک شوێنەوارێکی جیهانی دەستنیشان کراوە، قەڵاکە ماستەرپلانی بۆ دیزاین کرا.