بەریتانیا..هەرزەکارێکی 16 ساڵە هەوڵیدا مزگەوتێک بە موسڵمانانەوە بسوتێنێت
میدیاکانی بەریتانیا بڵاویان کردەوە، پۆلیس هەرزەکارێکی تەمەن 16 ساڵەی دەستگیرکردووە، چونکە هەوڵیداوە کردەوەیەکی تیرۆریستی لە مزگەوتێکی موسڵمانان بکات، پۆلیس دەڵێت: ئەو هەرزەکارە لە نازییە نوێکانە.
میدیاکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو هەرزەکارە بەر لەوەی بگاتە ناوەندی ئینفرگلاید لە شارۆچکەی گرینۆکی ئیسکوتلەندا، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراوە، لەبەر ئەوەی هەوڵیداوە مزگەوتەکە بسوتێنێت کە 275 موسڵمانی تێدا بووە لەو کاتەدا.
ئاشکراشیان کردووە، پێشتر هەرزەکارەکە هەوڵیداوە گوتاربێژ و پێشنوێژی مزگەوتەکە ڕازی بکات بەوەی بێتە نێو مزگەوتەکە، چونکە دەیەوێت ببێتە موسڵمان، ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی میدیاکانی بەریتانیا ئاشکرایان کردووە، هەرزەکارەکە بەر لەوەی هەوڵی هێرشەکە بۆ سەر مزگەوتەکە بکات، لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا بڵاوی کردووەتەوە کە خۆی بۆ هێرشێکی لەو شێوەیە ئامادە دەکات، بۆیە پۆلیس چاودێریی شوێنەکەی کردووە تا ئەو کاتەی هەرزەکارەکە گەیشتووەتە شوێنەکە و دەستگیریان کردووە.
پۆلیسی بەریتانیا ئاشکرای کردووە، هەرزەکارەکە لەکاتی دەستگیرکردنیدا، دەمانچەیەکی ئەڵمانی پێ بووە لەگەڵ چەقۆ، هاوکات چەند تەقەمەنییەک و دەفتەرێكیشی پێ بووە کە وێنەی خاچی لەسەر بووە، لەگەڵ کتێبێکی ئەدۆڵف هیتلەر.
بەتاوانی کردەوەی تیرۆریستی و بەپێی یاسای تیرۆری ئەڵمانیا، هەرزەکارەکە ڕەوانەی دادگای باڵای گلاسکۆ کراوە.