ئیسرائیل چوار ڕۆژنامەنووسی جەزیرەی کوشت

وێنەی ئەنەس شەریف
وێنەی ئەنەس شەریف

لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، ڕۆژنامەنووسێکی کەناڵی جەزیرەی کوژرا، کە بە گوتەی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، لە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕی غەززەدا ڕووماڵی کردووە. 

بەرپرسانی غەززە و کەناڵی جەزیرە ڕایانگەیاند "درەنگانی شەوی ڕابردوو، پەیامنێری کەناڵەکە، ئەنەس شەریف، لەگەڵ سێ ڕۆژنامەنووسی هاوکاری و یاریدەدەرێکدا، لە خێوەتێکی نزیک نەخۆشخانەی شیفا لە ڕۆژهەڵاتی غەززە، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل، کوژراون."

 ڕۆژنامەنووسە کوژراوەکانی دیکە بریتین لە "محەممەد قورەیقع، ئیبراهیم زاهیر و محەممەد نەوفەل."

بە گوتەی بەرپرسێکی نەخۆشخانەی شیفا، لە هێرشەکەدا دوو کەسی دیکەش کوژراون، بەڵام دیار نییە ئایا خەڵکی سڤیل بوونە یان نا؟

کەناڵی جەزیرە، ئەنەس شەریفی بە یەکێک لە ئازاترین ڕۆژنامەنووسانی غەززە ناوبرد و گوتی: هێرشەکە هەوڵێکی نائومێدانە بووە بۆ بێدەنگکردنی دەنگەکان بەرانبەر داگیرکردنی غەززە".

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "شەریف، سەرۆکی شانەیەکی حەماس بووە و بەرپرسی هێرشە مووشەکییەکان بووە بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی و سەربازانی سوپای ئیسرائیل."

پێشتر، سوپای ئیسرائیل ناوی 'ئەنەس شەریف'ی وەک یەکێک لە شەش ڕۆژنامەنووسی غەززە هێنابوو و کە ئەندامی حەماس و جیهادی ئیسلامیی فەلەستینن. ئیسرائیل بۆ پشتڕاستکردنەوەی بانگەشەکەی، ئاماژەی بە چەند بەڵگەنامەیەک کردبوو کە گوایە لیستی ئەو کەسانەی تێدایە کە خولی ڕاهێنانیان لە لایەن ئەو دوو ڕێکخراوەوە تەواو کردووە و مووچەیان وەرگرتووە.

گرووپێکی سەربەخۆی ڕۆژنامەگەری و شارەزایەکی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر هۆشدارییان دابوو، ژیانی ئەنەس شەریف بەهۆی ڕووماڵەکانی لە غەززەوە لە مەترسیدایە. ئایرین خان، پەیامنێری تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، مانگی ڕابردوو گوتی: بانگەشەکانی ئیسرائیل بەرانبەر بە ئەنەس شەریف، بێبنەمان.

کەناڵی جەزیرە، لە وەڵامی بانگەشەکانی ئیسرائیلدا، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئێمە بانگەشەکانی ئیسرائیل بۆ ناساندی ڕۆژنامەنووسانی کەناڵەکەمان وەک تیرۆریست، ڕەت دەکەینەوە."

لیژنەی داکۆکی لە ڕۆژنامەنووسان لە مانگی تەممووزی ڕابردوودا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردبوو پارێزگاری لە ئەنەس شەریف بکەن. لیژنەکە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئیسرائیل هیچ بەڵگەیەکی بۆ پشتڕاستکردنەوەی تۆمەتەکانی دژی ناوبراو پێشکەش نەکردووە."

سارا قودا، بەڕێوەبەری لیژنەی داکۆکی لە ڕۆژنامەنووسان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، گوتی: شێوازی ئیسرائیل لە ناوزەدکردنی ڕۆژنامەنووسان وەک چەکدار، بەبێ پێشکەشکردنی بەڵگەی باوەڕپێکراو، پرسیاری جددی لەسەر مەبەست و ڕێزگرتنی ئیسرائیل بەرانبەر ئازادیی ڕۆژنامەگەری دروست دەکات."

ئەنەس شەریف، کە هەژمارەکەی لە تۆڕی ئێکس زیاتر لە پێنجسەد هەزار فۆڵۆوەری هەبوو، چەند خولەکێک پێش کوژرانی لەسەر هەمان پلاتفۆرم پۆستێکی کردبوو و نووسیبوی "ئیسرائیل بۆ ماوەی زیاتر لە دوو کاتژمێرە بە چڕی شاری غەززە بۆمباران دەکات".

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەتی غەززە کە لەلایەن حەماسەوە بەڕێوە دەبرێت، ڕایگەیاندووە "لەوەتەی شەڕ لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 دەستی پێ کردووە، 237 ڕۆژنامەنووس کوژراون."

 لیژنەی داکۆکی لە ڕۆژنامەنووسان دەڵێت: لە ماوەی شەڕی غەززەدا لانیکەم 186 ڕۆژنامەنووس کوژراون.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment