عەلی لاریجانی بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ئەمنی گەیشتە بەغدا

میدیاکانی ئێران ئاشکرایان کرد، عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ئەمنی گەیشتووەتە عێراق.

بەپێی زانیارییەکان، لاریجانی بە ئامانجی گفتوگۆکردن لەبارەی پێشهاتە نوێکانی ناوچەکە گەیشتووەتە عێراق و دەچێتە لوبنانیش، هەوڵ دەدات پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئێران لەگەڵ ئەو وڵاتانە بدات، هاوکات گۆڕانکارییەکانی بواری ئەمنی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و لوبنان گفتوگۆ دەکات.

عەلی لاریجانی، بە یەکێ لە سیاسییە هەرە باڵاکانی ئێران هەژمار دەکرێت، چەندین پۆستی باڵای لە وڵاتەکەی پێدراوە، لەوانەش، سەرۆکی پەرلەمان لەنێوان ساڵانی 2008 بۆ 2020، سەرۆکایەتی کردنی دەستەی میدیای فەرمی ئێران، هەروەها ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بووە لە ساڵی 2005 بۆ 2007، ئەمجارەشیان هەمان پۆستی پێ بەخشراوەتەوە.

سەردانەکەی لاریجانی، لەچوارچێوەی ڕێککەوتنە ئەمنییەکانە لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەی هەرێمیی، لەگەڵ ئەو خواستەی ئێران هەیەتی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا و ڕێگریی لە هەڕەشەکانی سەر سنووری نێوان هەردوو وڵات.

 لاریجانی بەر لە سەردانەکەی بۆ عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران لە ئاستێکی باڵادایە، نموونەی ئەوەش چلەی ئیمام حوسەینە کە لەلایەن عێراقەوە پێشوازییەکی گەرم لە زیارەتکاران دەکرێت و ئێمە سوپاسگوزارین.

هەروەها دەڵێت: لەگەڵ عێراق لە داڕشتنەوەی ڕێککەوتنی ئەمنیداین، ئەمەش خاڵێکی زۆر گرنگە، دەشڵێت: لە پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ئاسایشی ئێران خاڵی سەرەکی دەبێت، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ، ئاماژە بەوە دەکات، پەیوەندیەکانمان وەک پەیوەندی بەشێک لە وڵاتان نییە کە تەنها ئاسایشی خۆیان بەلاوە گرنگە، بۆیە لەبارەی پرسی ئاسایش، بیر و ڕا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئاڵوگۆڕ دەکەین.

لاریجان ئاشکرای کرد، لەو سەردانەیدا بۆ عێراق ڕێککەوتنی نوێ واژۆدەکرێت، گوتی: لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری بەرپرسانی باڵای عێراقی کە دۆستی ئێمەن، گفتوگۆمان دەبێت و بۆ هاوکاریی دوو لایەنە بیر و ڕا ئاڵوگۆڕ دەکەین.

لەبارەی سەردانەکەی بۆ لوبنانیش، لاریجانی ڕایگەیاندووە، بابەتەکانی ئێمە لەبارەی لوبنان، ڕوون و ئاشکران، بۆچوونی ئێمە ئەوەیە، دەبێت گەلی لوبنان یەکگرتوو بن، لەهەموو بارودۆخێکیشدا ئەو یەکگرتووییە بپارێزن، چونکە سەربەخۆیی لوبنان هەمیشە بۆ ئێران خاڵێکی گرنگ بووە، دەشڵێت: پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان و چەند پرسێکی دیکە، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای لوبنان گفتوگۆ دەکەین.