غەززە.. نەبوونی ئاوی خواردنەوە، دۆخی خەڵک خراپتر دەکات

قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززە و نەهامەتی ئاوارەکان لە کەمپەکان بەهۆی قەیرانی ئاوی خواردنەوە زیاتر دەبێت، هەزاران خێزان کە لە مردن هەڵاتوون ڕووبەڕووی مەترسی تینوویەتی دەبنەوە، لە ژینگەیەك کە کەمترین پێداویستییەکانی ژیانی نییە و بەدەستهێنانی ئاوی خواردنەوە بووەتە ئاڵنگارییەکی ڕۆژانە.
لەناو خێمەکانی غەززە، ئاوارەکان ڕووبەڕووی بێئاوی و تینوێتییەکی قورسی بێپێشینە بوونەتەوە. دەستخستنی ئاوی پاک قورس بووە، ئاو کە سەرەچاوەی ژیانە، بەتایبەت لەناو ئەو بۆردوومان و برسێتییەی غەززەی گرتووەتەوە.
ئاوارەیەکی غەززە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، قەیرانی ئاو لە غەززە زۆر قوڵبووەتەوە، ئاوی شیرین هەر دەستناکەوێت، ئاوی بەکارهێنانیش زۆر کەمبووەتەوە. دەتوانم بڵێم ئەو منداڵانەی ڕیز بۆ پڕکردنی سەتڵەکانیان دەبەستن نیوەیان ئاویان دەستناکەوێت
منداڵانی ناو خێوەتگەکانی غەززە ڕۆژانە چەندان کاتژمێر لە نۆرەدا بۆ دەخستنی ئاو دەوەستن، بەڵام بە دەست بەتاڵی و بێهیوایی دەگەڕێنەوە، چونکە تانکەر و سەرچاوەکانی دابەشکردنی ئاو، بەشی هەموو دانیشتووان ئاویان پێنییە.
دابەشکەرێکی ئاو دەڵێت: کێشەکە ئەوەیە ئێستا هەموو کارەکان بە ئاو دەکرێن، ئەگەر ئاو هەبێت ژیانیش هەیە، بەڵام ئێمەش وەکو دابەشکەری ئاو ناتوانین هەموو پێداویستیەکان دابین بکەین، ڕەنگە لەچوار سەرچاوەی دابەشکەری ئاو لەم ناوچەیە تەنیا یەک دانەیان کاربکەن.
لەگەڵ ئەوەی ئاو سەرچاوەی ژیانە، بەڵام لەگەڵ درێژبوونەوەی شەڕ لە غەززە و کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاویەکان، دەستکەوتنی ئەستەم بووە، لەکاتێکدا هەندێک لە ڕێکخراوەکانیش هەوڵی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە دەدەن کە بەهۆی بێئاوییەوە دروستبووە.
ئاوارەیەکی دیکەی غەززە دەڵێت: ئاو مانای ژیانە، بەبێ ئاویش ژیان نابێت، بەڕاستی ئێمە قەیرانێکی قوڵی بێئاویمان هەیە، بەتایبەتی ئاوی خواردنەوە.
لەناو دۆخێکدا کە تینی گەرما ڕەحم بەکەس ناکات، خەڵکی غەززە تینون، کارەبایان نییە و قەرەباڵغی لە هەموو جێگەیەکە، دۆخی خەڵک تا دێت خراپتر دەبێت، دانیشتووانی غەززە لە جەنگێکی نابەرامبەردان بەرامبەر کوشتن یاخود مردن بە تینوێتی.