هەسەدە دوو ئەندامی شانەیەکی دارایی داعشی لە هۆل دەستگیرکرد
یەکەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەمڕۆ دووشەممە 11ـی ئابی 2025، دەستگیرکردنی دوو ئەندامی سەر بە شانەکانی ڕێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان لە شارۆچکەی هۆل لە ڕۆژهەڵاتی حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند.
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە بەیاننامەیەکدا وردەکاری ئۆپەراسیۆنەکەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "لە نۆی ئەم مانگە، یەکەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات، بە پشتیوانیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان لە شارۆچکەی هۆلی سەر بە حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا."
بەپێی بەیاننامەکە، ئۆپەراسیۆنەکە شانەیەکی چالاکی داعشی کردووەتە ئامانج کە بەرپرس بوون لە گواستنەوە و بەڕێوەبردنی سەرچاوە دارایی و لۆجستییەکانی ڕێکخراوەکە.
لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا، دوو ئەندامی شانەکە بە ناوەکانی "سەعد موخەلەف ئەلحوسێن" (ناسراو بە ئەبو سەیف) و "محەمەد شاکر موخەلەف" دەستگیرکران.
کەمپی هۆل، بە یەکێک لە ناوچە هەرە مەترسیدارەکان دادەنرێت و بەردەوام شانە نوستووەکانی داعش هەوڵی خۆڕێکخستنەوە و ئەنجامدانی کردەوەی تێکدەرانەی تێدا دەدەن، هێزەکانی سووریای دیموکرات بە پشتیوانی هاوپەیمانان بە شێوەیەکی بەردەوام ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردن بۆ لەناوبردنی ئەو شانانە ئەنجام دەدەن.