عێراق و ئێران یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی ئەمنی هاوبەشیان واژۆ کرد
عێراق و ئێران، یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لەبارەی پاراستنی سنووری نێوانیان واژۆ کرد، لە ڕێوڕەسمەکەدا سوودانی بۆ لاریجانی دووپاتی کردەوە، عێراق هەوڵی ئەوە دەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران پتەوتر بکات.
سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سودانی، ڕۆژی دووشەممە 11ـی ئابی 2025، سەرپەرشتی واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی ئەمنی هاوبەشی لە نێوان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، قاسم ئەعرەجی و سکرتێری گشتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، عەلی لاریجانی کرد کە تایبەتە بە هەماهەنگی ئەمنی بۆ سنوورە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سودانی، پێشوازی لە سکرتێری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، عەلی لاریجانی و شاندی یاوەری کرد."
لە دیدارەکەدا، سودانی جەختی لە "هەوڵی بەردەوامی عێراق بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە بوارە جیاجیاکاندا کردەوە، بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندی هەردوو گەلی عێراق و ئێراندا بێت" ،هەروەها "هەڵوێستی نەگۆڕ و جێگیری عێراقی دووپاتکردەوە سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی دەستدرێژی وڵاتان بۆ سەر ئێران و هەموو ئەوەی دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ململانێکان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، هەروەها پشتیوانی عێراقی بۆ دیالۆگی ئەمریکی-ئێرانی" دووپات کردەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرپەرشتی "واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی ئەمنی هاوبەشی لە نێوان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و لاریجانی کرد کە تایبەتە بە هەماهەنگی ئەمنی بۆ سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات."
لەلایەن خۆیەوە، لاریجانی "سڵاوی سەرۆکی ئێران، مەسعود پزیشکیانی بە سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیاند" و جەختی لە "پەرۆشی حکومەتەکەی بۆ گەشەپێدان و بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا کردەوە، بەتایبەتی بەستنەوەی هێڵی ئاسن لە نێوان هەردوو وڵاتدا بۆ گواستنەوەی گەشتیاران، و بەستنەوەی بە ڕێگای گەشەپێدان و ڕێڕەوەکانی ناوچەکە."
لاریجانی بەر لە سەردانەکەی ئەمڕۆی بۆ عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران لە ئاستێکی باڵادایە، نموونەی ئەوەش چلەی ئیمام حوسەینە کە لەلایەن عێراقەوە پێشوازییەکی گەرم لە زیارەتکاران دەکرێت و ئێمە سوپاسگوزارین.
هەروەها دەڵێت: لەگەڵ عێراق لە داڕشتنەوەی ڕێککەوتنی ئەمنیداین، ئەمەش خاڵێکی زۆر گرنگە، دەشڵێت: لە پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ئاسایشی ئێران خاڵی سەرەکی دەبێت، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ، ئاماژە بەوە دەکات، پەیوەندیەکانمان وەک پەیوەندی بەشێک لە وڵاتان نییە کە تەنها ئاسایشی خۆیان بەلاوە گرنگە، بۆیە لەبارەی پرسی ئاسایش، بیر و ڕا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئاڵوگۆڕ دەکەین.
لاریجان ئاشکرای کرد، لەو سەردانەیدا بۆ عێراق ڕێککەوتنی نوێ واژوو دەکرێت، گوتی: لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری بەرپرسانی باڵای عێراقی کە دۆستی ئێمەن، گفتوگۆمان دەبێت و بۆ هاوکاریی دوو لایەنە بیر و ڕا ئاڵوگۆڕ دەکەین.