سەرۆك بارزانی و شاندێكی شێخەكان و كەسایەتیی هۆزەكانی عێراق جه‌ختیان له‌سه‌ر سه‌روه‌ری یاسا و پێكه‌وه‌ژیان كرده‌وه‌

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی شێخەكان و كەسایەتیی هۆزەكانی عێراق دەكات؛ شانده‌كه‌ هەر جۆرە دەستێوەردانی دەرەكییان لە كاروباری عێراق ڕەت كردووه‌ته‌وه‌ و بەردەوامیی هەماهەنگی و پەیوەندیی لەنێوان پێكهاتەكانی عێراق به‌ پێویست زانیوه‌.

دووشه‌ممه‌، 11ـی ئابی 2025، سەرۆك بارزانی لە سەڵاحەددین پێشوازی لە شاندێكی شێخەكان و كەسایەتیی هۆزەكانی پارێزگاكانی عێراق کرد و له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا سەرۆك بارزانی ڕۆڵی هۆزەكانی عێراقی لە پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و ڕۆحی پێكەوەژیان لەنێوان ڕۆڵەكانی نیشتیمان بەرز نرخاند.

هەر لەو دیدارەدا شاندی میوان جەختیان لە بڕوای پتەوی خۆیان لەمەڕ یەكڕیزیی عێراقییەكان كردەوە وەك بنەمایەك بۆ سەقامگیری و هەروەها دیالۆگشیان وەك باشترین ڕێگە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە قەڵەم دا.

هەروەها شاندی میوان پشتگیریی خۆیان بۆ ڕوانگەی مەرجەعیەتی باڵای ئایینی لە نەجەفی ئەشرەف دووپات كردەوە كە چەك تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت و یاسا باڵادەست بێت و دادپەروەری لەنێوان هاووڵاتیان بەدی بێت.

شانده‌كه‌ هەر جۆرە دەستێوەردانی دەرەكییان لە كاروباری عێراق ڕەت كردەوە و جەختیان لەوە كرددووه‌ته‌وه‌ عێراقییەكان ئەو تواناییەیان هەیە كە كێشەكانیان لە ڕێگەی دیالۆگ و یەكترقبووڵكردن دوور لە جەمسەرگیرییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان چارەسەر بكەن.

بەشداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌، بەردەوامیی هەماهەنگی و پەیوەندی لەنێوان پێكهاتەكانی عێراق و كاركردن لەپێناو عێراقێكی فیدراڵی و سەقامگیر و ئاسوودە كە تێیدا پارێزگاری لە كەرامەتی هەموو هاووڵاتیان دەكرێت لە هەولێر هەتا بەسرە و لە مووسڵ هەتا ناسریە، به‌ پێویست زانی و جه‌ختیان له‌سه‌ كردووه‌ته‌وه‌. 

 
 
Fly Erbil Advertisment