حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كاره‌با ئاماده‌یه‌ هاوكاری عێراق بكات

بەڕێوەبەری کارەبای کەرکووک ئاماژە بەوە دەکات، هۆکاری پچڕانی کارەبای عێراق دیارنییە، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغداش دەڵێت، لەگەڵ پچرانی کارەبا، ئینتەرنێتیش پچڕاوە؛ هاوكات حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یی خۆی بۆ هاوكاریكردنی عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كاره‌با ده‌ربڕی. 

دانیال عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری کارەبای کەرکووک، ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی ئابی 2025، بە کوردستان24ـی گوتی: تاوەکوو ئێستا هۆکاری کوژانەوەی کارەبا لە عێراق نەزانراوە، ئەم دۆخە زۆر کەم ڕوو دەدات، چوار ساڵ پێش ئێستاش حاڵەتێکی لەم شێوەیە ڕووی دا.

دانیال عەبدوڵڵا، گوتیشی: پچڕانەکە هەموو شوێن و پارێزگاکانی عێراقی گرتووەتەوە، ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەین بە هەر شێوەیەک بێت لە کاتێکی نزیکدا، کارەبای نیشتیمانیی چاک بکرێتەوە، هەروەها لە چەند کاتژمێری داهاتوودا هۆکاری پچڕانی کارەبا دەزانین.

ئاماژەی بەوە کرد، مۆلیدەکان دەتوانن هاوکاریی کارەبای نیشتیمانیی بکەن، تاوەکوو کارەبای نیشتیمانیی دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی. 

لەلای خۆیەوە شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان24، لە بەغدا گوتی: کاتژمێر چواری ئێوارەی ئەمڕۆ کارەبا لە وێستگەی ڕومادی کوژایەوە، دواتر تەواوی پارێزگاکانی عێراقی گرتەوە، هەروەها لە پارێزگای کەربەلا هێڵی ئینەرنێت بەتەواوی پچڕاوە، ئەحمەد مووسەوی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، هۆکاری پچڕانی کارەبا دیارنییە.

هاوكات عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی، پرۆژەی ڕووناکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە هاوکاری عێراق بکات، تاوەکوو کێشەکە چارەسەر بکرێت.

ئاماژەی بەوەش داوە، ئەم کێشەیە بەردەوام دەبێت، هەتا ئەو کاتەی کێشەکە لە ڕیشەوە چارە نەکرێت، عێراق بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نییە و پێویستە هەمان ڕێچکەی هەرێم بگرێتەبەر.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment