کەشناسی: شەپۆلێکی خۆڵبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

کەشناسیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بەهۆی خۆڵبارینەوە لە چەند شوێنێکی هەرێمی کوردستان مەودای بینین بۆ کەمتر لە چوار کیلۆمەتر کەم دەبێتەوە.
فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئهمشهو لە ئەنجامى هاتنى شەپۆلێکى تۆز و خۆل لە ناوەڕاست و باشوورى عێراق، درێژبوونەوەى کاریگەریکەی بۆ سەر هەرێم بووەتە هۆى کەمبوونەوەى مەوداى بینین بۆ کەمتر لە چوار کیلۆمەتر.
بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی گوتیشی: لە چەند شوێنێک مەوداى بینین بۆ کەمتر لە دوو کیلۆمەتر کەم دەکات، بەتایبەتى لە باشوورى هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێت ئەم تۆز و خۆڵە کاریگەریکەى تا سبەى بەیانى لەسەر هەرێم بمێنێتەوە.
لەلای خۆیەوە، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە باشووری خۆرئاوای عێراق بایەکی بەهێز دروست بووە و کاریگەرییهکەی زیاتر لە سنووری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان دەبێت، پێشبینی دەکرێت تاوەکوو سبەی سێشەممە کاریگەرییەکەی بەردەوام بێت.
هەروەها بە گوێرەی پێشبیییەکانی کەشناسی بێت، دواهەمین شەپۆلی گەرمای هاوینی ئەمساڵ لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەرێمی کوردستان و عێراقیش دەگرێتەوە و پێشبینی دەکرێت، لە پلەکانی گەرما بە ڕادەیەک بەرز ببنەوە لە هەندێک لە ناچەکان بگاتە 50 پلەی سیلیزی، بە تایبەت لە سنووری گەرمیان و پارێزگاکانی باشووری عێراق.