ئومێد ئەحمەد: لە هەرێمی كوردستان توانیومانە لەچەند هێڵێكەوە كارەبا بۆ عێراق دابین بكەین

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند: ئەمساڵ تەواوی سەنتەری شارەکان دەبێتە 24کاتژمێری و لە کۆتایی ساڵی 2026، تەواوی هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی 24کاتژمێری.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی ئابی 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە چەند هێڵێکەوە هاوکاری وەزارەتی کارەبای عێراقمان کرد، بەشێک لە بەرهەمی کارەبای هەرێمی کوردستانمان بە عێراقمان دا، چونکە حکوومەتی هەرێم وەک بابەتێکی مرۆیی سەیری ئەم بابەتەی کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەربارەی پرۆژەی ڕووناکی گوتی: ملیۆنێک و 700 هەزار هاووڵاتی سوودمەندبوونە لە پرۆژەی ڕووناکی، ئەمساڵ تەواوی سەنتەری شارەکان تەواودەبێت و لە کۆتایی ساڵی 2026، تەواوی هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی کارەبای 24کاتژمێری.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، زیاتر له 20 هەزار مێگاوات له تۆڕی کارەبای عێراق نەما و حكوومهتی ههرێمی كوردستان له پرسی كارهبا به شێوهیهكی مرۆیی و پابهندییهوه مامهڵه دهكات.
ئومێد ئەحمەد باسی لەوەش کرد، لەڕووی کارگێری و پابەندییەوە هەرێمی کوردستان لە پێش عێراقە، ژێرخانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەشت هەزار مێگاواتە، هەروەها دوای تەواوبوونی پرۆژەی ڕووناکی بەرهەمی کارەبا لە خواست زیاتردەبێت.
کاتژمێر چواری ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق کارەبا پچڕا و هەر زوو، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان ئامادەیە لە چارەکردنی کێشەی کارەبای عێراق هاوکار بێت، هەر وەکوو ئەوەی ئێستا ئەو کێشەیەمان لە هەرێمی کوردستان چارە کردووە.