شاندێکی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان بۆ گفتوگۆ گەیشتە دیمەشق
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان گەیشتە دیمەشق و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی سووریا کۆببێتەوە.
بە گوێرەی میدیاکانی سووریا، بڕیارە ئیلهام ئەحمەد لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆببێتەوە، سەردانەکەی ئیلهام ئەحمەد لە کاتێکدایە کە ناکۆکی لەسەر کۆنفرانسی یەکهەڵوێستی پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دروست بوو.
هەینی 8ـی ئابی 2025، کۆنفرانسی "یەکێتی پێکهاتەکان" لە حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، بە بەشداری کورد و عەلەوی و درووزەکان و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا بەڕێوەچوو، لە کۆنفرانسەکەدا بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاوکرایەوە و تێیدا داوای داڕشتنی دەستوورێکی دیموکراسی نوێ کرا کە گەرەنتی فرەیی و بەشداریی سیاسی دادپەروەرانە بۆ هەموو پێکهاتەکانی وڵاتەکە بکات، هەروەها سیستەمێکی لامەرکەزی دابمەزرێنێت کە ڕێز لە کولتووری و جوگرافیای پێکهاتەکان بگرێت.
وەک کاردانەوەیەکیش بۆ داواکانی کۆنفرانسی حەسەکە، 9ـی ئابی 2025، حكوومهتی سووریا كشانهوهی خۆی له گفتوگۆ و دانوستانهكان لهگهڵ هێزهكانی سووریای دیموكرات له پاریس ڕاگهیاند. ئهم ههڵوێستهی حکوومەتی سووریا وهڵامێك بوو بۆ كۆنفرانسهكهی کورد و پێكهاتهكانی دیكهی سووریا كه لە حهسهكهی ڕۆژئاوای کوردستان بهڕێوه چوو، تێیدا داوای دهوڵهتێكی لامهركهزی و دانانی دهستوورێكیان كرد كه دهستهبهری فرهیی ئیتنیكی، ئایینی و ڕۆشنبیریی بكات.
هەر زوو دوای کۆنفراسنی پێکهاتەکان، هێرشی چڕی گرووپە چەکدارەکانی سووریا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) دەستی پێکرد، هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)ش، داوای لە حکوومەتی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە کرد، پێشێلکارییەکان دەستبەجێ بووەستێنن و پابەندی بەندەکانی ڕێککەوتنی نیسانی 2024 بن، ئەگینا هەموو ڕێکارێک دەگرنە بەر بۆ بەرگریی کردن لە ماف و ئاسایشی گەلەکەیان لە ڕۆژئاوای کوردستان.
لە بەیاننامەیەکدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) ئاماژەی بەوە کرد، گرووپە چەکدارەکان جوڵەی گوماناوی لە دەورووبەری شێخ مەقسود و ئەشرەفییە و حەلەب دەکەن، دەڵێت: ئەم جووڵە گوماناویانە پێشێلکارییەکی ڕوونی ڕێککەوتنی دیمەشق و ئیدارەی خۆسەرە کە لە 1ـی نیسانی 2024 واژۆ کرا.