100 منداڵی غەززە لە برسان مردن و 300ـی دیکەش ژیانیان لە مەترسیدایە

منداڵانی غەززە
منداڵانی غەززە

بەرپرسانی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکەن، هەنگاوی بەپەلە بنرێت بۆ ڕزگارکردنی منداڵانی غەززە لە برسێتی، وەزارەتی تەندروستی غەززەش ئاشکرای دەکات، لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە تاکوو ئێستا، 100 منداڵ بەهۆی بەدخۆراکی و لەبرسێتی مردوون.

نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی(ئۆچا) و هاوکارەکانی لە غەززە ئاماژەی بەوە کردووە، ڕێژەی مردنی منداڵان لە برسێتی لە کەرتی غەززە زیادیی کردووە و گەیشتووەتە وێستگەی وێرانی و بووەتە شەرمەزاری بۆ جیهان، بۆیە داوایان کرد بەپەلە کار بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بە کەرتی غەززە بکرێت.

پرۆگرامی خۆراکی جیهانی ڕایگەیاند: زیاتر لە 300 منداڵ بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکییەوە، ژیانیان لە مەترسیدایە، سێ بەشی خەڵکی غەززەش چەند ڕۆژ بەدوای یەکدا، دەستییان بە خۆراک ناگات.

پرۆگرامی خۆراکی جیهانی ڕایدەگەیەنێت: بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەم بوونەوەیەی دروست بووە، غەززە پێویستی بەوە هەیە مانگانە 62 تۆن خۆراکی پێبگات، سەرباری ئەو برسێتییە، ئیسرائیل ڕێگە بە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە نادات کە ژیانی نزیکەی دوو ملیۆن هاووڵاتی سڤیل دەخاتە مەترسییەوە.

ئۆچا ئاشکرای کردووە، نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی، بڕێک خواردەمەنی و سووتەمەنی و پێداویستی، لەگەڵ کەلوپەلی خاوێنکردنەوەی لەدەروازەی کەرەم ئەبو سالم گەیاندە غەززە، بەڵام بەر لەوەی بگاتە شوێنی مەبەست، کامیۆنەکان بەتاڵکران.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕە سووتەمەنییەکە کە لەو دەروازەیە گەیەندراوەتە غەززە، بەڵام دەسەڵاتی ئیسرائیلی تەنیا ڕێگەی داوە 150 لیتری ڕۆژانەی پێبگات، ئەمەش کەمترین پێویستی پڕ ناکاتەوە.