بەرپرسێکی باڵای حزبوڵڵا: چەکداماڵینی بەرەی مقاوەمە مەحاڵە

مەحموود قەماتی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسیی حزبوڵڵا، ڕایگەیاند، بەرەی مقاوەمە بەشێکە لە بەرەیەکی نیشتمانیی بەرفراوان لە لوبنان.
مەحموود قەماتی وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بڕیاری حکوومەتی لوبنان بۆ چەکداماڵینی بەرەی مقاوەمە، ڕایگەیاند "حکوومەتی لوبنان توانای چەکداماڵینی ئێمەی نییە."
ئەم قسانەی قەماتی لە میانی دیدارێکدا هات کە لە نێوان شاندێکی حزبوڵڵا و حەنا غەریب، ئەمینداری گشتیی حزبی شیوعیی لوبنانیدا بەڕێوە چوو. قەماتی گوتی: بەرەی مقاوەمە گۆشەگیر یان گەمارۆدراو نییە، بەڵکوو بەشێکە لە بەرەیەکی نیشتمانیی بەرفراوان.
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسیی حزبوڵڵا، گوتی: حکوومەتی لوبنان، وڵاتەکەی فرۆشت و چەکی بێبەرانبەری داوەتە وڵاتانی بیانی، بەڵام ناتوانێت بەرەی مقاوەمە چەک بکات. ئەگەر حکوومەت بیەوێت ئەو بڕیارە جێبەجێ بکات، هەموو خەڵکی لوبنان ڕووبەڕووی دەبنەوە.
قەماتی ڕوونی کردەوە "بەرگری کاتێک سەری هەڵدا کە بەشێکی وڵاتەکەمان داگیرکرابوو، حکوومەت توانای پاراستنی خەڵک و ڕێگریی لە دەستدرێژییەکانی دوژمنی نەبوو."
ئەم بەرپرسەی حزبوڵڵا جەختی لەوەش کردەوە، کە حکوومەت سەرەڕای لەبەریەک هەڵوەشانەوەی، پێویستە ڕێڕەوی خۆی ڕاست بکاتەوە و خۆی لەو بڕیارانە بەدوور بگرێت کە زیان بە وڵات دەگەیەنن.
کاردانەوەی لایەنەکان
حەنا غەریب، ئەمینداری گشتیی حزبی شیوعیی لوبنانی ڕایگەیاند "بڕیارەکانی حکوومەتی لوبنان لەژێر فشاری ئەمەریکییەکاندا دراون و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلی لە سەرووی بەرژەوەندییەکانی لوبنانەوە داناوە و بەیاننامەی وەزاریی پێشێل کردووە."
غەریب، جەختی لەوە کردەوە "قۆرخکردنی چەک تەنیا لە دەستی حکوومەتدا، ئەو کاتە سەردەگرێت کە حکوومەت بتوانێت پارێزگاری لە خاک، سەروەری و هاووڵاتییانی خۆی بکات. ئامانجی ئەمریکا و ئیسرائیل زاڵبوونە بەسەر لوبناندا و ئەمەش ئەو شتەیە کە ئێمە ڕووبەڕووی دەبینەوە."
ئیهاب حەمادە، نوێنەری فراکسیۆنی وەفاداری بۆ بەرگری، لە پەرلەمانی لوبنان، ڕایگەیاند: "ئەوەی حکوومەت کردوویەتی، گورزێکە لە پەیمانی نیشتمانی و خەڵک قبووڵی ناکات. ئێمە بەڵێن بە خەڵکە وەفادارەکەمان دەدەین کە بەرەی مقاوەمە هەرگیز چەکەکانی ڕادەست ناکات."
پشت پەردەی بڕیارەکە
شایەنی باسە، حکوومەتی لوبنان بە سەرۆکایەتیی نەواف سەلام، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی هەفتەی ڕابردوودا، سوپای وڵاتەکەی ڕاسپاردووە کە پلانێک بۆ قۆرخکردنی چەک لە دەستی حکوومەت و سنووردارکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان، بەتایبەتی حزبوڵڵا، تا کۆتاییی ئەمساڵ، دابڕێژێت.
ئەم بڕیارە، لە کۆبوونەوەیەکدا لە کۆشکی بەعبدا بە سەرۆکایەتیی جۆزێف عەون، سەرۆک کۆماری لوبنان، دەرکرا. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە فشارە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی لەلایەن ئەمەریکاوە، بۆ چەکداماڵینی حزبوڵڵا زیادیان کردووە
فشارەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی، بەتایبەتی لە ڕێگەی مەرجدارکردنی هاوکارییە داراییەکان بەرانبەر بە چەکداماڵینی بەرەی مقاوەمە، نیشاندەری هەوڵێکە بۆ لاوازکردنی میحوەری مقاوەمە و سەپاندنی ویست و ئیرادەی دەرەکییە بەسەر لوبناندا.