هەسەدە: ئەگەر هێرشەکان بۆ سەرمان بەردەوام بن، وەڵام دەدەینەوە

هێزەکانی سووریای دیموکرات
هێزەکانی سووریای دیموکرات

هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) ڕایدەگەیەنێت، هێزە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق، ڕۆژانی ڕابردوو هەوڵیانداوە هێزەکانیان بوروژێنن، ئەگەر ئەوەش بەردەوام بێت، وەڵامی سەرچاوەی هەڕەشەکان دەدەنەوە.

وەزارەتی بەرگریی سووریا ڕەتی کردەوە، هێزە چەکدارەکانیان هیچ جووڵەیەکیان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات کردبێت.

لە بەیاننامەیەکدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات لە پێگەی فەرمی  ئەلیکترۆنیی خۆیدا بڵاوی کردەوە، چەند ڕۆژێکە هێزە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق هەوڵیانداوە هێزەکانیان بوروژێنن، چونکە جموجۆڵی گوماناوی لەهەندێ ناوچەدا  دەکەن، بەتایبەتیش لە ناوچەکانی دەورووبەری شارۆچکەی دێرحافر و گوندەکانی دەورووبەری، بەڵام هێزەکانی سووریای دیموکرات دان بەخۆیاندا دەگرن، دەشڵێت: ئەگەر ئەو هێرشانە بەردەام بن، وەک مافێکی شەرعی، ناچاردەبین بۆ بەرگریی کردن لەخۆمان، وەڵام بدەینەوە.

هەسەدە لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سووریا، چەند ڕۆژێکە لە دەورووبەری شێخ مەقسود و ئەشرەفییە کۆبوونەتەوە و چەکدارەکانیان لە ناوچەکەدا بڵاوەیان پێکراوە، سەرباری ئەوەش، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چاودێری بە ئاسمانی ناوچەکدا دەسووڕێنەوە، یەک لەو فڕۆکانەش لە دەورووبەری ناوچەکە بەربووەتەوە و تەقیووەتەوە.

هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماژە بەوە دەکات، جموجۆڵەکانی ئەو گرووپە چەکدارانە، پێشێلی ڕێککەوتنی ئاگربەستی یەکی نیسانی ڕابردووی نێوان ئەنجوومەنی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەیە لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق دەکات.

لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات داوا لە حکوومەتی سووریا دەکات ڕێگریی لە پێشێلکارییەکانی گرووپە چەکدارەکانی بکات، بۆ ئەوەی هەرەس بە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکان نەهێنن، داواشیان کرد، دیمەشق پارێزگاری لە ئاشتی کۆمەڵایەتی لە حەلەب و ناوچەکانی دیکەش بکات.