تۆڕی هەماهەنگی ڕێکخراوەکان: نزیکەی 700 هەزار گەنج لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکەن
سەرپەرشتیاریی تۆڕی هەماهەنگیی ڕێکخراوەکان لە هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتێکی گەنجە، چونکە 694 گەنج لە دامەزراوە جیاوازەکان کاردەکەن.
سێشەممە 12ـی ئابی 2025، سیروان گەردی، سەرپەرشتیاریی تۆڕی هەماهەنگی ڕێکخراوەکان لە ڕۆژی جیهانیی گەنجاندا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر، ئامار و داتای ساڵی 2025ـی تۆڕەکەی لەبارەی پرسەکانی گەنجان خستەڕوو، بەپێی ئامارەکە، لە ساڵی 2025، دوو هەزار و 900 بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون.
دەشڵێت: لە ساڵی 2014 لە هەموو کوردستان 142 کەس بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دەستگیر کرابوون، بەڵام لە ساڵی 2024، ژمارەکە گەیشتووەتە 5 هەزار و 400 کەس لە بازرگان و بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر، ئەمەش ئاماژەیە کە ئامارەکان بۆ دۆخێکی مەترسیدار هەڵدەکشێت.
سەرپەرشتیاریی تۆڕی هەماهەنگیی ڕێکخراوەکان دەڵێت: ئەگەر ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر نەکرێت، ئەگەری هەیە بۆ 5 ساڵی داهاتوو، لەهەر خێزانێکی چوار بۆ پێنج کەسی، کەسێکیان دەبنە ئاڵودەی ماددەی هۆشبەر.
لەبارەی ڕێژەی بەشداریی گەنجیش لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سیروان گەردی ڕایگەیاند: بەپێی ئامارێک کە لەسەر تەمەنی 18 بۆ 40 ساڵ کراوە، 694 هەزار کەس لەکۆی ملیۆنێک و 200 هەزار فەرمانبەر، گەنجن، بەپێی ئەو ئامارەش، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتێکی گەنجە.
ئاماژە بەوەش دەکات، 7 هەزار و 400 ڕۆژنامەنووس لە هەرێمی کوردستان هەن کە 4 هەزار و 900 کەسیان گەنجن و تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 40 ساڵن.