مۆساد چۆن هێزە ناڕازییەکانی ناوخۆی ئێرانی لە جەنگی 12 ڕۆژەدا بەکار هێنا؟

ڕاهێنانی ئەو کەسانەی بۆ هاوکاریکردنی ئیسرائیل هەڵبژێردرابوون نزیکەی پێنج مانگی خایاند

دوو نووسەری ناوداری ئیسرائیلی لە بواری سیخوڕی و هەواڵگریدا، ڕاپۆرتێکیان لەبارەی چالاکییەکانی مۆساد لە بەکارهێنانی ئێرانییە ناڕازییەکان بۆ برەودان بە ئامانجەکانی ئیسرائیل دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران نووسیوە و یەکەم جارە بەشێک لە نهێنییەکانی جەنگی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل - ئێران ئاشکرا دەکەن.

 یۆسی مێلمەن و دان ڕاڤیڤ، پێکەوە خاوەنی چەندان کتێبی پڕفرۆشن دەربارەی مۆساد و کۆمەڵگەی هەواڵگریی ئیسرائیل. ئەوان لە ڕاپۆرتێکدا کە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو لە ماڵپەڕی "پرۆپابلیکا" بڵاو کراوەتەوە، شیکاریی ئەوەیان کردووە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل چۆن بە پشت بەستن بە کەسانی ناڕازیی ناوخۆی ئێران، پلانە وردی سەربازیی ئیسرائیلیان دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێ کردووە.

ئەو دوو نووسەرە گوتوویانە "ڕاپۆرتەکەیان دەرەنجامی گفتوگۆیە لەگەڵ 10 بەرپرسی ئێستا و پێشووی هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) ، بەبێ ئەوەی ناوی هیچ سەرچاوەیەک بهێنن."

مۆساد و نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کە بەرپرسیاری ڕاستەوخۆی دەزگای هەواڵگری و سیخوڕی دەرەکیی ئەو وڵاتەن، هیچ کاردانەوەیەکیان بەرانبەر ئەم ڕاپۆرتە نەبووە.

ڕۆڵی هاوکارانی مۆساد لە هێرشکردنە سەر بنکە ڕاداری و مووشەکییەکانی ئێران

لە  جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، گرتەیەکی ڤیدیۆیی ناڕوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرایەوە، وا دەردەکەوت هێزی زەمینیی کۆماندۆی ئیسرائیلی لەناو خاکی ئێراندا هەن و ڕێگەیان بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە سەربازیی و ئەتۆمییەکانی ئێران خۆش کردووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە دەکەن "لە کاتژمێرەکانی سەرەتا و بەرەبەیانی هەینی، 13ی حوزەیران، کە هێرشە بەرفراوانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد، تیمێکی کۆماندۆ بە ڕێنوێنیی گەنجێکی ئێرانی بۆ یارمەتیدانی پلانی هێرشکردنە سەر ئەو ڕادار و مووشەکانەی بۆ پاراستنی تاران و دامەزراوە سەربازییەکان جێگیر کرابوون، ئامادە بوون. هاوکات، تیمەکانی دیکەی کۆماندۆی ڕاهێنراو لەلایەن ئیسرائیلەوە لە سەرانسەری ئێراندا بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە بەرگرییەکان لە ناوخۆی وڵاتەوە، دەست بەکار بوون.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، دەست و پێوەندەکانی هەواڵگری و سەربازی ئیسرائیل لە ناوخۆی ئێران بۆ هێرشەکان، کەسانێک بوون کە بەهۆی جیاوازی بیروڕا یان پاڵنەری سیاسی و ڕقی تۆڵەسەندنەوە لە حکوومەتی ئێران، ئامادەی هاوکاریی ئیسرائیل بوون.
هەروەها کەسانێکی دیکەش هەبوون کە بۆ دەستکەوتنی بڕێک پاداشتی ماددی و بەڵێنی مۆساد بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان لە چارەسەری پزیشکیی ئەندامانی خێزانیان، یان بۆ دابینکردنی هەلی خوێندن لە زانکۆکانی دەرەوە، هاوکاریی مۆسادیان دەکرد.

"س. ت"، ئەو خوێندکارە بوو کە هاوکاری مۆساد بووە

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، سەرچاوەکانی مۆساد ئامادە بوون ناوی ئەو گەنجەی سەرکردایەتیی تیمێکی 70 کەسیی کۆماندۆکانی لە تاران دەکرد، تەنیا بە پیتی یەکەمی ناو و پاشناوەکەی بهێنن 'س. ت'.
 ڕاپۆرتەکە بانگەشەی ئەوە دەکات 'س. ت' لە خێزانێکی کرێکار لە شارۆچکەیەکی نزیک تاران گەورە بووە و چووەتە زانکۆ، دوای دەستگیرکردن و ئەشکەنجەیەکی زۆر لەلایەن هێزەکانی بەسیجەوە، لە حکوومەتی وڵاتەکەی بێزار بووبوو.

دواتر، ئەفسەرێکی مۆساد پەیوەندیی بە 'س. ت'ـەوە کرد و بۆ ڕاهێنان لە ئێران بردییە دەرەوە. 'س. ت' دوای چەندان مانگ ڕاهێنان، ڕێک لە کاتی دەستپێکردنی هێرشەکاندا، لەگەڵ تیمە بچووکەکەیدا بە نهێنی گەڕایەوە ئێران بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆی لەو ئۆپەراسیۆنە ئاڵۆزەدا بگێڕێت.

'س.ت' داوای لە مۆساد کردبوو یەکێک لە کەسە نزیکەکانی کە نەخۆش بوو و نەدەکرا لە ئێران هیچی بۆ بکرێت، لە لایەن مۆسادەوە چارەسەری تەندروستی بۆ دابین بکرێت. مۆساد ئەمەی قبووڵ کردووە، چونکە ساڵانێک بوو ئەم ڕێکارەی بۆ دزەکردنە ناو گرووپە فەڵەستینییەکان تاقی کردبووەوە.

چۆنیەتیی گواستنەوەی کەلوپەل و ڕاهێنانی تیمەکان

ئیسرائیل، بە پشت بەستن بە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی لە ناردنی کارمەندە ڕاهێنراوەکانی بۆ بنکەی شورئاباد بۆ دزینی ئەرشیڤی ئەتۆمیی ئێران لە زستانی 2018 و دواتریش کوشتنی، زانای ئەتۆمی موحسین فەخریزادە کە بە باوکی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناسرا بوو، لە کانوونی یەکەمی 2020، توانیبووی چەندین تەن کەرەستە و کەلوپەل لە ڕێگەی بارهەڵگری بازرگانییەوە بگەیەنێتە ئێران، بێئەوەی شۆفێری بارهەڵگرەکان ئاگەداری ناوەرۆکی بارەکانیان بن. تیمە کۆماندۆییەکانی ئیسرائیل لە ناو ئێران، دوای وەرگرتنی بارەکان، کە چەندین پارچە چەک بوون بۆ ڕۆژی دیاریکراو ئامادە کردووە.

زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکە دەڵێت "ڕاهێنانی ئەو کەسانەی بۆ هاوکاریکردنی ئیسرائیل هەڵبژێردرابوون نزیکەی پێنج مانگی خایاند. هەندێکیان برانە ئیسرائیل، کە لەوێ شوێن و مۆدێلی هاوشێوەی دامەزراوە ئێرانییەکان بۆ مەشقکردن دروست کرابوون، و هەندێکی دیکەیان لە ژێر چاودێریی شارەزایانی ئیسرائیلیدا لە وڵاتانی دیکە ڕاهێنانیان پێ کرا."

شکستهێنانی پلانی هێرشکردنە سەر فۆردۆ و هاتنەناوەوەی ئەمەریکا

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆ لە چیاکانی دەوروبەری شاری قوم، تیمێکی لە کۆماندۆ تایبەت و هەڵبژێردراوەکانی سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی خۆی ڕاهێنابوو. بڕیار بوو ئەو گرووپە لە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیی پڕمەترسیدا بچنە ناو بنکەکەوە و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو هێرش بکەنە سەر دامەزراوەکە، بۆ ئەوەی هەرچی ئامێر و سەنتەرفیوژەکانی هەن، تێکبشکێنن و هەموو یۆرانیۆمە پیتێنراوەکان لەگەڵ خۆیاندا بیبەن.

بەڵام نووسەرانی ڕاپۆرتەکە دەڵێن "داڤید بارنیا، سەرۆکی مۆساد، ئەم پلانەی بە زۆر مەترسیدار زانیووە و نیگەران بووە لەوەی باشترین سەربازە هەڵبژاردە و سیخوڕەکانی ئیسرائیل بکوژرێن یان بە بارمتە بگیرێن. دواتر بارنیا و بەرپرسانی دیکەی ئیسرائیل گەیشتنە ئەو باوەڕەی حکوومەتی دۆناڵد ترەمپ خۆی ڕەنگە بەشداری لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بکات؛ هەڵسەنگاندنێک کە بووە ڕاستی و فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی بی-2ی ئەمەریکا بەرەبەیانی 22ی حوزەیران، هەرسێ دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانیان بۆمباران کرد و هاوکات بە مووشەکی تۆماهۆک کە لە ژێردەریاییەکانەوە چەند مووشەکێکیان ئاراستەی دامەزراوەکان کرد".

چارەنووسی هاوکاران و سیاسەتی مۆساد

ئەو دوو نووسەرە ئیسرائیلییە، لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیاندا، ئاماژەیان بە چارەنووسی ئەو تیمانە نەکردووە کە نێردرابوونە ئێران، بەڵام بەرپرسانی پێشووی هەواڵگریی ئیسرائیل بەم دواییانە بە میدیاکانی وڵاتەکەیان گوتووە "پابەندبوونی ئەخلاقیی مۆساد بەرانبەر ئەو هێزانەی هاوکارییان کردووە، بریتییە لە پێشکەشکردنی پشتیوانیی هەمیشەیی و ڕزگارکردنی خۆیان و کەسوکاریان لە مەترسی."

کۆماری ئیسلامیی ئێران، دوای جێگیربوونی ئاگربەستی جەنگی 12 ڕۆژە لە 24ی حوزەیرانی ڕابردوو، حەوت هاووڵاتیی خۆی بە تۆمەتی سیخوڕی و هاوکاریکردنی ئیسرائیل، لە سێدارە داوە؛ دوایین کەسیان زانایەکی ئەتۆمی بوو بە ناوی ڕۆزبەی ئیبراهیم وادی، کە تاوانباری کردبوو بە پێدانی زانیاریی لەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان بە ئیسرائیل.

 
 
Fly Erbil Advertisment