وەزارەتی بەرگریی سووریا: هەسەدە لە منبج و دێر حافر سوپاکەمان بۆردومان دەکات
وەزارەتی بەرگریی سووریا بڵاوی کردووەتەوە، هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)، خۆی خزاندووەتە ناوچەکانی نزیک لە سووپای سووریا لە منبج و دێر حافر، سەرباری ئەوەش، هەسەدە سوپا بۆردوومان دەکات.
سێشەممە 12ـی ئابی 2025، وەزارەتی بەرگریی سووریا بەییانامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لە هێزەکانی سووریای دیموکرات کردووە پابەندی ڕێککەوتنەکان بێت لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق، دەست لە بۆردومانکردنی سوپا لە حەلەب و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب، بەربدات، دەڵێت: ئەو هێرشانە کاردانەوەی خراپی بەدوادێت.
وەزارەتی بەرگریی سووریا لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانی سووریای دیموکرات پێگەکانی سوپا و شوێنی بڵاوەپێکردنی سەربازانی لە ناوچەکانی منبج و دێرحافر بە بەردەوام بۆردومان دەکات، هاوکات بەشێک لە ڕێگەکانی حەلەبی گرتووە، ئەمەش تەواوی ڕێککەوتنەکان لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق هەڵدەوەشێنێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە بەیاننامەیەکدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات لە پێگەی فەرمی ئەلیکترۆنیی خۆیدا بڵاوی کردەوە، چەند ڕۆژێکە هێزە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق هەوڵیانداوە هێزەکانیان بوروژێنن، چونکە جموجۆڵی گوماناوی لەهەندێ ناوچەدا دەکەن، بەتایبەتیش لە ناوچەکانی دەورووبەری شارۆچکەی دێرحافر و گوندەکانی دەورووبەری، بەڵام هێزەکانی سووریای دیموکرات دان بەخۆیاندا دەگرن، دەشڵێت: ئەگەر ئەو هێرشانە بەردەام بن، وەک مافێکی شەرعی، ناچاردەبین بۆ بەرگریی کردن لەخۆمان، وەڵام بدەینەوە.
هەسەدە لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوە کردبوو، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سووریا، چەند ڕۆژێکە لە دەورووبەری شێخ مەقسود و ئەشرەفییە کۆبوونەتەوە و چەکدارەکانیان لە ناوچەکەدا بڵاوەیان پێکراوە، سەرباری ئەوەش، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چاودێری بە ئاسمانی ناوچەکدا دەسووڕێنەوە، یەک لەو فڕۆکانەش لە دەورووبەری ناوچەکە بەربووەتەوە و تەقیووەتەوە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماژە بەوە کردبوو، جموجۆڵەکانی ئەو گرووپە چەکدارانە، پێشێلی ڕێککەوتنی ئاگربەستی یەکی نیسانی ڕابردووی نێوان ئەنجوومەنی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەیە لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق دەکەن.
لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات داوای لە حکوومەتی سووریا کردبوو ڕێگریی لە پێشێلکارییەکانی گرووپە چەکدارەکانی بکات، بۆ ئەوەی هەرەس بە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکان نەهێنن، داواشیان کرد، دیمەشق پارێزگاری لە ئاشتی کۆمەڵایەتی لە حەلەب و ناوچەکانی دیکەش بکەن.
