ناتانیاهۆ: ئامادەین بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی لەناکاوی ئێران

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند: لە جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، براوە بوون. دەشڵێت: ئامادەین بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی لەناکاوی ئێران.

سێشەممە 12ـی ئابی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 'ئای 24 نیوس'دا گوتی: ماوەی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵی کەرتی غەززە کورت دەکەینەوە، هەروەها ڕێگە بە دانیشتووانەکەی دەدەین کەرتەکە جێبهێڵن.

ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل لەگەڵ چەند وڵاتێک لە گفتوگۆ دایە، بۆ مەبەستی ئەوەی ئەو وڵاتانە بتوانن غەززەییەکان لەخۆ بگرن.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئاماژەی بەوە کرد، تازە قسەکردن لەسەر ڕێککەوتن لەگەڵ حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان بووە بە شتێکی ڕابردوو، ئێمە بە بێ ڕێککەوتن لەگەڵ حەماس هەوڵی ئازادکردنی بارمتەکان دەدەین.

ناتانیاهۆ باسی لە بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران کرد و ڕایگەیاند: بەهۆی هێرشەکانمان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتەمان بۆ چەند ساڵێک گەڕاندەوە دواوە.

جەختی لەوەش کردەوە، کە دەیانزانی بەهۆی هێرشەکانیانەوە بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران بە تەواوی لەناو ناچێت. ئەوەشی خستەڕوو، ئێران 400 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی ماوه‌ و له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كاندا زیانی پێنه‌گه‌یشتووه‌.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، گوتیشی: "لە جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئێمە براوە بووین، هەروەها ئامادەین بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی لەناکاوی ئێران."

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment