ناوەڕاستی مانگی 11 قۆناغی دووەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر تەواو دەبێت

کارکردن لە قۆناغی دووەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر بەردەوامە و بە تەواوبوونیشی زیاتر لە هەزار بیر دادەخرێن.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، 12ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: یەکەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم تەواو دەبێت و بە تەواوبوونیشی گرفتی کەمئاوی له ههولێر نامێنێت و دابینكردنی ئاو بۆ ماڵان مسۆگهر دهبێت.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێم گوتی: لە هەولێر هەزار و 380 بیری ئاو هەن، لە ساڵی 2026، زیاتر لە هەزار بیر دادەخرێن، لە وەرزی زستاندا سەرجەم بیرەکان بەهۆی پرۆژەی فریاگوزارییەوە دادەخرێن، بەڵام لە وەرزی هاوین پێویستیمان بە بەشێکیان دەبێتەوە.
یەکەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر 248 هەزار ماڵ لێی سوودمەند دەبن، درێژیی پڕۆژەکە 411 كلیۆمەترە، هەڵكەندن و بڕینی شەقامەكان و دانانی تۆڕی ئاو لە خۆی دەگرێت.
ساڵی ڕابردوو (2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەکەی دانا، کە بە گوژمەی 480 ملیۆن دۆلار و لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆیی جێبەجێ دەکرێت.
لە قۆناغی دووەم، ئەو گەڕەک و شوێنانە سوودمەند دەبن لە نێوان هەردوو شەقامی 120 مەتری و 150 مەترین و لەوانە، عەنکاوە، 32ـی پارک، کوورانی عەنکاوە، بەحرکە، گردجووتیار و سێبەردان و شاوێس و پیرزین.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە 20ـی تەممووزی 2025، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاو کردەوە و نووسی: بەشی یەكەمی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاومان بۆ شاری هەولێر کردەوە، کە بە بودجەی 480 ملیۆن دۆلار بنیات دەنرێت. ئەم پرۆژەیە ئاوی خواردنەوەی 24 کاتژمێری دابین دەکات و جێی شانازییە کە لە كاتێكی پێوانەییدا، لە لایەن كۆمپانیای خۆماڵی و دەستی کاری ناوخۆییەوە جێبەجێ كراوە.
هەر لە پەیامەکەیدا نووسیبووی: دوای کەمتر لە ساڵێک بەڵێنمان دابوو کێشەی ئاو لە هەولێر چارە بکەین، ئەمڕۆ بەڵێنەکەمان بەجێگەیاند و بۆ 30 ساڵی داهاتوو کێشەی ئاو چارە کرا.