لە نەشتەرگەرییەکی دەگمەندا، مۆبایلێک لە گەدەی کەسێک دەرهێنرا

نەخۆشخانەی غەردەقە لە میسر ڕایگەیاند، تیمێکیان سەرکەوتوو بووە لە ڕزگارکردنی گیانی کەسێک کە بەهۆی قوتدانی مۆبایلێکەوە باری تەندروستی تێکچووبوو، کە بە هۆیەوە دەرچەی گەدەی داخرا بوو.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی دەریای سوور، نەخۆشەکە باری تەندروستی زۆر ناجێگری بووە و دوچاری ڕشانەوە و شەکەتی بووە.  هەر زوو دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە و ئەنجامدانی چەند پشکنینێک، دەرکەوتووە تەنێکی نامۆ لەنێو گەدەیدا هەبووە، ئەویش مۆبایلێکی بچووک بووە و نەخۆشەکە قوتیداوە.
دکتۆر کەریم شوبراوی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە گوتی، تیمی پزیشکی نەخۆشخانەکەمان هەر زوو  نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجامداوە و نەخۆشەکە ئێستا باری تەندروستی نەخۆشکە جێگیرە.

بەپێی ڕێنماییە پزیشکییەکان، ئەگەر تەنێکی گەورە و مەترسیداری وەکوو مۆبایل بچێتە نێو گەدەی کەسێک، پێویستە بە زووترین کات بگەیەندرێتە نەخۆشخانە، ئەمەش بەهۆی گەورەیی قەبارەی تەنەکە و ئەستەمی تێپەڕبوونی بە ڕێڕەوی هەرسەوە.

بەڵام تەنێکی وەک مۆبایل هۆکاری مەترسیدارییەکەی تەنیا قەبارەکەی نییە، بەڵکوو پێکهاتە کیمیاییەکانی خودی مۆبایلەکەیە، بە تایبەت پیلەکەی، ئەگەر لەگەڵ ترشی گەدە کارلێک بکات، دەبێتە هۆکاری ژەهراوی بوون و لێکەوتەکانی تا گیانلەدەستدان دەرڕوات.

 
 
Fly Erbil Advertisment