لە سلێمانی هەڵمەتی دەستگیركردنی سواڵکەران دەستی پێ کرد

ئەمرۆ چوارشەممە، 13ـی ئابی 2025، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکیدا ئاشکرای کرد، لەچوارچێوەی هەڵمەتی دەستگیركردنی سواڵکەران لەشاری سلێمانی، نۆ سواڵکەریان دەستگیرکرد کە لەشەقام و شوێنە گشتییەکان سواڵیان دەکرد.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەو سواڵکەرانە سەرجەمیان خەڵکی دەرەوەی شاری سلێمانین، بەبڕیاری دادوەری تایبەتمەند ڕاگیراون و پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە.
لەوبارەوە، ڕێژوان فەرەیدوون مەحموود، پارێزەر و ڕاوێژکاری خێزانی نێودەوڵەتی، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دیاردەی سواڵکردن دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی مەترسیدارە، بەپێی یاسا لادانە لە سیستەمی گشتیی کۆمەڵگە، دیاردەکە لەسێ فاکتەر پێکدێت، ئەوانیش 'بێکاری، هەژاریی و نایەکسانی چینایەتی'یە، واتە نایەکسانی چینایەتی ڕۆلێکی گرنگی دەبێت لە دروستبوونی سواڵکەر لە ناو کۆمەڵگەدا.
گوتیشی: دروستبوونی چینایەتی ئەبێتە هۆی نەمانی چینی مامناوەند، بەمەش چینی هەژار زیاد دەکات و کاریگەریی زۆری لەسەر دەبێت، هەروەها ئەو هۆکارانەی ئەبێتە هۆی زیادبوونی سواڵکەر، ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و سیاسییە.
ڕێژوان فەرەیدوون ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەرێمی کوردستان دیاردەی سواڵکردن کەمترە بەراورد بەشوێنەکانی دیکە، هەروەها لەو کارەدا منداڵ زۆر بەکار دەهێنرێت، واتە گەورەکان منداڵەکان ناچار دەکەن سواڵ بکەن، کە منداڵەکە کەمترین سوودمەندی ئەم کارەیە، پارەکە زیاتر بۆ ئەوکەسانەیە کە بەکاریان دەهێنن.
باسی لەوەش کرد، ئەو منداڵانەی سواڵیان پێدەکرێت، زۆرجار تووشی دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە، زیاتریش کە منداڵ بەکاردەهێنن بۆ ڕاکێشانی سۆز و عاتیفەی خەڵکە، دەشڵێت: ئەو سواڵکەرانە هەست بەکەمبوونی خۆیان لەناو کۆمەڵگە دەکەن، توانای وازهێنانیان زۆر سەخت دەبێت.
ڕێژوان فەرەیدوون ڕوونی کردەوە، یاسایەکمان هەیە ئەویش بەرنامەکانی هاوکاریی کۆمەڵایەتییە، کە ئەو خێزانانەی دۆخی ئابووریان خراپە و پێویستیان بەهاوکارییە، حکوومەت لەبەرانبەردا خزمەتگوزاریی خوێندن و تەندروستیان بێبەرانبەر بۆ دابین دەکات، هەروەها لە ماددەکانی 390 و 391 و 392ـی یاسای سزادانی عێراقی بە ڕوونی باسی سواڵکردن دەکات، کە دەڵێت ئەگەر کەسێک توانای دارایی و ژیانی خۆی هەبێت، بە هەموو شێوەیەک سواڵکردن بۆی قەدەغەیە و بەتوندترین شێوە سزا دەدرێن.
دەشڵێت: ئەوانەی لەهەرێمی کوردستان سواڵ دەکەن زۆرینەیان خەڵکی سووریا و خواروو ناوەڕاستی عێراقن.