ئەندامێکی پەرلەمانی ئێران: ئەورووپییەکان لەگەڵ ئێمەدا ڕاستگۆ نین

نوێنەری تاران لە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، هەر کاتێک ڕۆژئاوایییەکان پێشنیازەکەیان بۆ تاوتوێکردن ببەنە ئەنجوومەنی ئاسایش، ئێمە 24 کاتژمێرمان پێویستە بۆ پەسەندکردنی دەرچوون لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی.

چوارشەممە، 13ـی ئابی 2025، مەنووچەهر موتتەکی، نوێنەری تاران و ئەندامی کۆمیسیۆنی ئابووریی پەرلەمان، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "دیفاع پرێس" سەبارەت بە ئامادەیی پەرلەمان بۆ دەرچوون لە پەیماننامەی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) لە ئەگەری کاراکردنەوەی سزاکان لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواییەوە، ڕایگەیاند "ئێران وەک پابەندترین ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیمانە نێودەوڵەتییەکان، خاوەنی ڕابردوویەکی ڕوون و شایستەیە لەبەرانبەر جیهاندا، هاوکات پێمان وایە ئەندامێتیمان لە چوارچێوەی پەیمانە نێودەوڵەتییەکاندا دەبێت دوو ماف بە ئێران بدات، کە یەکەمیان ئەوەیە بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ بکات، هەروەک چۆن ئێران هەمیشە ئەندامێکی پابەند بووە. مافی دووەمیان، سوودوەرگرتنە لە ئیمتیازەکانی ئەم ئەندامێتییە."

موتتەکی گوتیشی: لەسەر بابەتی ئەتۆمی، پرسەکە بۆ ئێمە ڕوونە؛ ئێمە پابەندی ئاژانس و پەیماننامەکەین، کەواتە دەبێت سوود لە بەرنامەی ئاشتیخوازانەی ئەتۆمیش وەربگرین، نزیکەی 22 ساڵە هەندێک لایەن هەوڵ دەدەن ئەم مافەمان لێ زەوت بکەن، بەڵام ئێمە خۆمان پێی گەیشتووین؛ بۆیە پێمانوایە دەبێت بە هێز و توانایەکی زۆرەوە بەرانبەر لایەنی بەرانبەر بوەستینەوە، هەروەها هەموو ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ ئەو لایەنانە هەمانبوون، لەلایەن ئەوانەوە پێشێل کراون"

موتتەکی ڕوونی کردەوە "ساڵی 2007 بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانس هاتە ئێران، هەموو پرسە ئەتۆمییەکانی تاوتوێ کرد، تێبینییەکانی خستەڕوو، هاوکات وەڵامەکانی وەرگرتەوە، بڕیار بوو لە کۆتایی ئەم وەڵامدانەوە و قایل بوونانەدا، ڕاگەیەندراوێک دەربکەن، بەڵام ئەو کارەیان نەکرد. دوای سەردەمی بەرپرسیارێتیی منیش، لە سەردەمی دوو وەزیری دواتردا، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئەتۆمی دیسان گومانەکانی هێنایەوە گۆڕێ، وەڵام درانەوە و بڕیار بوو ڕاگەیەندراو دەربکرێت، کەچی دیسان ئەو کارە نەکرا، ئەمە نیشانی دەدات ئێمە ڕووبەڕووی ویستێکی گوماناوی، زیادەخواز و دەسەڵاتخوازی ڕەها بووینەتەوە کە سوورە لەسەر بێبەشکردنمان لە مافەکانمان.

نوێنەری خەڵکی تاران لە پەرلەمانی ئێران، جەختی لەوە کردەوە "هەنگاونان بۆ کاراکردنەوەی سەپاندنەوەی سزاکان، کە لە بنەڕەتدا بەهۆی گوێنەدان و لاوازیی جددیی دانوستانکارانی ئێمە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا گونجێندرا، تەنها لەلایەن کەسانێکەوە دەکرێت باس بکرێت کە دوو هەنگاویان لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا نابێت و بەشێک لە بەڵێنەکانیان جێبەجێ کردبێت. لە کاتێکدا ئەمەریکییەکان لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی چوونە دەرەوە و ئەورووپییەکانیش هیچ کام لە بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکردووە. ئەوان، بەبێ هەڵگرتنی تەنانەت یەک هەنگاویش لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا، بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە ئێران پابەندی ڕێککەوتنەکە نەبووە و دیسان دۆسییەکە دەگەڕێننەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش."

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی ئێران، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئەگەر لایەنی بەرانبەر هەنگاوێک بەرەو گەڕاندنەوەی سزاکان و بەکارهێنانی ئامرازەکانی بنێت، بە دڵنیاییەوە ڕووبەڕووی هەنگاوی پەرلەمانی ئێران دەبێتەوە.

ئەورووپییەکانیش هەم لە ڕووی تێگەیشتنیان لە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و هەم بەهۆی کارەکانیانەوە، مافی کارێکی لەو شێوەیەیان نییە و تەنها وەک هەڕەشە بەکاری دەهێنن. ئەگەر ئەوان هەڕەشەکەیان بکەنە کردەیی، ئێمەش هەڕەشەکەی خۆمان جێبەجێ دەکەین.

موتتەکی لە کۆتاییدا گوتی: هەر کاتێک ئەوان پێشنیازەکەیان بۆ تاوتوێکردن ببەنە ئەنجوومەنی ئاسایش، ئێمە تەنیا 24 کاتژمێرمان پێویستە بۆ پەسەندکردنی دەرچوون لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی.

دوێنێ سێشسەممە، ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیان لە ئامادەیی خۆیان بۆ سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا ئاگادار کردووەتەوە، ئەگەر تاران نەگەڕێتەوە بۆ دانوستان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment