ڕوانگەی سووری ئامارێكی نوێی قوربانییانی سوه‌یدا بڵاوده‌كاته‌وه‌

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ به‌ڵگه‌ی نوێ له‌ باره‌ی ژماره‌ی كوژراوانی پارێزگای سوه‌یدا ئاشكرا ده‌كات، كه‌ ده‌یسه‌لمێنێت زیاتر له‌ 1650 كه‌س كوژراون.

چوارشەممە، 13ـی ئابی 2025، ڕامی عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌ری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ تایبه‌ت به‌ كوردستان24ـی ڕایگه‌یاند، ژمارەی کوژراوانی توندوتیژییەکانی پارێزگای سوه‌یدا لە باشووری سووریا له‌ 13ـی ته‌ممووزه‌وه‌ تاوه‌كوو 20ـی هه‌مان مانگ، هەزار و 653 کەس بووه‌، كه‌ 429ـیان به‌ ئاشكرا له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی سه‌ر به‌ وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سووریا لە سێدارە دراون و له‌و ژماره‌یه‌شدا 38ـیان ئافره‌ت و 14ـیشان منداڵ و پیر بوون.

به‌ڕێوه‌به‌ری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، ژمارەی کوژراوان لە بەیانی یەکشەممە 13ـی تەممووزەوە لە ئەنجامی پێکدادانەکان و لەسێدارەدان و بۆردومانی ئیسرائیل، گەیشتووه‌ته‌ هەزار و 653 کەس و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ش دابه‌ش كراون.

-724 كه‌سیان دانیشتووانی سوه‌یدا بوون، كه‌ 166ـیان كه‌سانی سڤیل و 21 منداڵ و 56 ئافره‌تن.

-477 كه‌س، سه‌ر به‌ وەزارەتی بەرگری و ئاسایشی گشتی بوونه‌ و 40 کەسیان ئەندامی هۆزەکان و یه‌كێكیشیان چەکدارێکی لوبنانی بووه‌

- 15 کارمەندی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل کوژران.

- بەهۆی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری، 3 کەس کوژراون کە ئافره‌تێك و دوو کەسی نەناسراون.

- لە ئەنجامی پێکدادانەکانی سوه‌یدادا، دوو میدیاكار کوژراون.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment