لاریجانی: ئێران دەستوەردان لە کاروباری وڵاتان ناکات

عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە ناکات.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیسنای ئێرانی، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، لاریجانی ڕایگەیاندووە، ئێران "هەمیشە پاڵپشتی لە حزبوڵڵا دەکات".
لاریجانی، دوای گەیشتنی بۆ بەیروت جەختی کردەوە، "گەلی لوبنان بۆ ئێران ئازیزن، تاران لە هەموو بارودۆخێکدا لە تەنیشتیان دەوەستێتەوە".
لێدوانەکانی لاریجانی لە کاتێکدایە کە هەڵوێستی لوبنان تێکەڵاو بوو، ئەمەش لە ژێر ڕۆشنایی لێدوانەکانی پێشووی ئێرانی دژایەتیکردنی چەکداماڵینی حزبوڵڵای لوبنان بوو.
چاودێران پێیان وایە سەردانەکەی لاریجانی تەنیا هەنگاوێکی پرۆتۆکۆل نییە، بەڵکو هەنگاوێکی سیاسی ڕاستەوخۆیە بۆ تێوەگلانی تاران لە هاوکێشەی سەروەری لوبنان و پەیامێکی ڕوون و ئاشکرایە کە بڕیاری چەکداماڵینی حزبوڵڵا بابەتێکی تەنیا ناوخۆیی نییە.
بەر لە هاتنی لاریجانی بۆ بەیروت، مەحموود قامەتی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسی حزبوڵڵا، ڕەتکردنەوەی خۆی لە چەکداماڵینی حزبوڵڵا دووپاتکردەوە و داوای لە حکوومەت کرد، ئەو بڕیارە پێچەوانە بکاتەوە و ڕایگەیاند، جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە ڕەنگە ببێتە هۆی ناکۆکی.
لای خۆیەوە عەلی ئەکبەر، ویلایەتی، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران ڕۆژی شەممە، ڕایگەیاند وڵاتەکەی دژایەتی بڕیارەکەی حکوومەتی لوبنان دەکات بۆ چەکداماڵینی حزبوڵڵا.
دوێنێ چوارشەممە، 13ـی ئابی 2025، عەلی لاریجانی، سەردانی لوبنانی کرد و لەگەڵ جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان لە کۆشکی بەعبەدا کۆبووەوە.
سەرۆکایەتی لوبنان ڕایگەیاندووە، "عەون پێشوازی لە عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران کرد لەگەڵ شاندێک کە پێکهاتبوون لە بەرپرسان و ڕاوێژکاران و باڵیۆزی ئێران لە لوبنان".