جەدعۆن ساعر: چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ ئیسرائیل خۆکوژییە

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕایگەیاند، چارەسەری دوو دەوڵەتی "وەهمێکە" و دانپێدانان بە دەوڵەتێکی فەڵەستینیدا، ئیسرائیل لە بەردەم سنوورێکی پارێزراونەکراودا بەجێدەهێڵێت.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی نیوزماکسی ئەمەریکی جەدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، قبوڵکردنی دەوڵەتی فەڵەستینی بە مانای خۆکوژی دێت، بەتایبەت دوای ئەوەی کە ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کشایەوە و لە ئەنجامدا "تۆڕێکی زەبەلاحی تیرۆر" سەریهەڵدا.
ساعر ئاماژەی بەوەدا، "ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئێمە پێشتر ئەم بیرۆکەیەمان تاقیکردووەتەوە کاتێک لە ساڵی 2005 بە تەواوی لە کەرتی غەززە کشاینەوە، ئەوەی پێی دەگوترا پلانی جیابوونەوە، 20 ساڵ لەمەوبەر بوو. ئێمە هەموو بنکە سەربازییەکان و پێکهاتەکانمان هەڵوەشاندەوە، تەنانەت گۆڕستانەکانیشمان گواستەوە، بەڵام لە وەڵامدا، ئەوان گەورەترین شانشینی تیرۆریان لەسەر زەوی بنیات نا.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕەخنەی لە ڕێککەوتننامەکانی ئۆسلۆ گرت و گوتی: بە پێی ئەو ڕێککەوتنانە، دەبوو دەسەڵاتی فەڵەستینی ڕێگری لە تیرۆر بکات، بەڵام ئەمە ڕووی نەدا.
گوتیشی: "چەمکەکە ئەوە بوو کە سەربەخۆییان پێبدرێت و ئەوانیش بەرپرسیارێتی ئاسایش بگرنە ئەستۆ. بەڵام نەک هەر ئەوەیان نەکرد، بەڵکو دۆخی ئەمنیی خراپتر بوو، چونکە هەر شوێنێک ئێمە جێمان دەهێشت، دەبووە بنکەیەکی گەورەی تیرۆر."
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، جەختی لەوەش کردەوە، پێدانی دەوڵەتێک بە فەڵەستینییەکان کە کۆنترۆڵی سنوورەکان و ئاسمانیان هەبێت و توانای دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا هەبێت، "لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە خۆکوژییە".
ڕاشیگەیاند ئەو وڵاتانەی کە پشتگیری لە دەوڵەتی فەڵەستین دەکەن، لە ڕاستیدا گرنگی بەوە نادەن کە چی بەسەر ئیسرائیلدا دێت، چونکە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر نییە، ئەو دەپرسێت: "کاتێک دروشمی 'دەوڵەتێکتان پێدەدەین، بەڵام بەبێ حەماس' بەرز دەکەنەوە، کێ ئەمە جێبەجێ دەکات؟
ساعر ئاماژەی بەوەش دا، بیرۆکەی دوو دەوڵەتی کە سەردەمانێک جەماوەر بوو، ئێستا لە ئیسرائیلدا کەمترین پشتیوانی لێدەکرێت، چونکە دوو تاقیکردنەوەی سیاسی گەورە، ڕێککەوتننامەکانی ئۆسلۆ و کشانەوە لە غەززە، شکستیان هێناوە و مەترسییەکانیان بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل دەرخستووە. بە بڕوای ئەو، چارەسەری دوو دەوڵەتی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بووەتە دروشمێک، لە کاتێکدا کە "ڕەنگە خۆی کێشەکە بێت، نەک چارەسەر".