ئامێدی؛ لێکۆڵینەوە لە کوشتنی سێ بزنی کێوی دەستیپێکردووە

کوشتنی سێ بزنی کێوی لە سنووری ئامێدی کاردانەوەی لێ کەوتەوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.

ڕووداوی کوشتنی سێ بزنی کێوی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، کاردانەوەی تووندی لایەنە پەیوەندیدارەکان و خەڵکی ناوچەکەی لێ کەوتووەتەوە. لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە و گومان لە چەند کەسێک دەکرێت.

بەپێی زانیارییەکانی بێوار حلمی، پەیامنێری کوردستان24، ئەو کەسانەی بزنە کێوییەکانیان کوشتووە، ویستوویانە بۆ خواردن بەکاریانبهێنن؛ بەڵام پێش ئەوەی بتوانن لاشەکانیان بشارنەوە، لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە ئاگادارکراونەتەوە و لاشەی بزنەکان لەسەر جادەیەک بەجێهێڵراون.

چەند خولەکێک دواتر، هێزەکانی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە لە دهۆک، گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. لە ئێستادا لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ چەند گومانلێکراوێکدا بەردەوامە.

جەمال سەعدۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ژینگەی دهۆک، بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "هەرکەسێک دەستی لە کوشتنی ئەو بزنە کێویانەدا هەبێت، سزا دەدرێت." سەدۆ جەختی لەوە کردەوە، لاشەی هەر سێ بزنە کێوییەکە دۆزراونەتەوە و لێکۆڵینەوەی ورد لەگەڵ گومانلێکراوەکاندا دەکرێت بۆ ئاشکراکردنی سەرەداوی تاوانەکە و ڕادەستکردنی تاوانباران بە دادگا.

فەرماندەی هێزی پاراستنی ژینگەی دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، ساڵی ڕابردوو، 18 کەس لەسەر ڕووداوی هاوشێوە دەستگیر کراون.

لەلایەکی دیکەوە، سلێمان تەمەر، سەرۆکی ڕێکخراوی کوردستان بۆ پاراستنی ئاژەڵان، کە ماوەی 18 ساڵە لە بواری پاراستنی ئاژەڵاندا کاردەکات، داوای کرد بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پاراستنی ژینگە توندتر بکرێن. ناوبراو گوتی: "پێویستە ئەم جۆرە کارانە سزای تووندیان هەبێت و ڕۆشنبیریی پاراستنی ژینگە لەناو خەڵکدا زیاتر بڵاوبکرێتەوە."

شایەنی باسە، بەهۆی لەناوچوون و کەمبوونەوەی ئاژەڵی کێوی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2013 بڕیاری قەدەغەکردنی ڕاوکردن و بازرگانیکردنی بە ئاژەڵانەوە دەرکردووە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment