پزیشکانی بێسنوور: لە دارفۆر 40 کەس بەهۆی پەتای کۆلێراوە گیانیان لەدەستدا

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئابی 2025، ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور ڕایگەیاند، دەیان کەس لە ناوچەی دارفۆری سوودان بە نەخۆشی کۆلێرا گیانیان لەدەستدا.
ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، جگە لە شەڕێکی سەرتاسەری لە سوودان، ئێستا دانیشتوانی سوودان بەدەست نەخۆشی کۆلێراوە گرفتارن، ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەکانی پزیشکانی بێسنوور چارەی زیاتر لە دوو هەزار و 300 نەخۆشیان کردووە، لەماوەی هەفتەیەکیشدا لانی کەم 40 کەس بەهۆی کۆلێراوە گیانیان لەدەستداوە.
پەتای کۆلێرا تووشبوو تووشی سکچوونێکی توند دەکات، کە لە ئەنجامی خواردنی خۆراکی خراپ یان ئاوی پیسەوە دروست دەبێت.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەکردووە، نەخۆشیی کۆلێرا دەتوانێت لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا تووشبووەکە بکوژێت ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێت.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بڵاویکردووەتەوە، لە مانگی تەمموزی 2024ەوە تاوەکوو ئیستا نزیکەی 100 هەزار حاڵەتی کۆلێرا لە سەرانسەری سوودان تۆمارکراوە.
لە 15ـی نیسانی 2023ەوە، شەڕێکی خوێناوی لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەری هەڵدا تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە، کە بەهۆیەوە دەیان هەزار کەس کوژران و بریندار بوون و ملیۆنان سوودانیش ئاوارەی ناوخۆو دەرەوەی وڵات بوون.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو شەڕەی بە خراپترین قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا وەسف کردووە، هەروەها بەهۆی ئەو شەڕەوە هەموو ڕێگاکانی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ ناوچەکە داخراوە. جگە لەوەش وەرزی بارانبارین کە لە مانگی ئابدا دەست پێدەکات، پیشبینی دەکات قەیرانی تەندروستی زیاتر بکات.