ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور: وەڵامی هێرشێکی چەکداریمان دایەوە

هێزەکانی سووریای دیموکرات
هێزەکانی سووریای دیموکرات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ـی ئابی 2025، نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور ڕاگەیەندراوێکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاشکرای کرد کە، یەکێک لە گرووپەکانیان لە دەورووبەری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور ڕووبەڕووی هێرشێکی چەکداری بووەتەوە، هێزەکانیشان وەڵامی هێرشەکەیان بە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت دایەوە کە بووە هۆی کوژرانی یەکێک لە هێرشکاران و برینداربوونی سێی دیکە.

لە دەقی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە":ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، چوار کەس لە ئەندامانی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور کە لە ئەرکێکی ئاساییدا بوون بۆ وەرگرتنی چارەسەریی لە یەکێک لە دەرمانخانەکانی شارۆچکەی حەوایج لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور، ڕووبەڕووی هێرشێک بوونەوە کە لەلایەن گرووپێکەوە ئەنجامدرا، دەڵێن: پێدەچێت گرووپەکە سەر بە ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعش بن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانیان لە وەڵامی هێرشەکدا، ئۆپەراسیۆنێکی وردیان ئەنجامدا کە بووە هۆی کوژرانی یەکێک لە ئەندامانی گرووپە هێرشبەرەکە و برینداربوونی سێی دیکە، لە بەیاننامەکەدا هاتووە،  جەخت دەکەینەوە کە هەر دەستدرێژییەک بکرێتە سەر ئەندامانمان یان خەڵکەکەمان لە ناوچەکە، بە وەڵامێکی توند و یەکلاکەرەوە ڕووبەڕووی دەبینەوە.

ڕاشیدەگەیەنن، دەستبەجێ دەست بە لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و گشتگیر دەکەن بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی ڕووداوەکە و دیاریکردنی لایەنی بەرپرس لە هێرشەکە، لەگەڵ پاراستنی زانیارییەکانی پەیوەست بە ڕووداوەکە تاوەکو کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوە و تەواوکردنی ڕێکارە یاساییە پێویستەکان.

ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور بە توندی هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە ڕەتدەکاتەوە، هاوکات پابەندبوونی خۆی دووپات کردەوە بۆ ڕاوەدوونانی تیرۆر لە هەر شوێنێک بێت، لەگەڵ چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکان دژی هەموو ئەوانەی هەڕەشە لە ژیانی خەڵکەکەیان دەکەن.