کاروان ستوونی: چەند کەسێک پەیدا بوونە بە نایاسایی خەڵک دەبەنە عومرە

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: هەندێک کەس هەن بە نایاسایی گەشتی عومرە بۆ خەڵک ڕێکدەخەن، ئەوەی ئەو کەسانە دەیەکەن هیچ گەرەنتییەکی نییە و سەلامەت نییە.
پێنجشەممە 14ـی ئابی 2025، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەگەڵ ئەوەی 400 کۆمپانیا بە فەرمی مۆڵەتیان هەیە گەشتی عومرە بە خەڵک بکەن، بەڵام هەندێک کەس بە نایاسایی خەڵک دەبەنە عومرە، ئەوەی ئەوانە دەیکەن هیچ گەرەنتییەکی نییە و سەلامەت نییە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، هەر کەسێک پابەند نەبێت بە ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و کارگێڕیی دەکرێتەوە.
دەشڵێت: ئەوانەی گەشتی عومرە بۆ خەڵک ڕێکدەخەن، مەرجە فەرمانبەری حکوومەت نەبن، بۆ ئەوەی دەرفەت و هەلی کار بۆ ئەو کەسانە بڕەخسێنرێت کە فەرمانبەر نین، لە کابینەی نۆیەمیشدا هەزاران هەلی کار لەم ڕووەوە بۆ هاووڵاتییان ڕەخسێنراوە.
چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، بەرێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان ڕێنماییەکانی وەرزی عومرەی بۆ ساڵی 2025 – 2026 بڵاو کردەوە.
نیاز ڕاغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو: لەکاتی دەستبەکاربوونمان لە کابینەی نۆیەم، هەلی کارمان بۆ ئەو کۆمپانیانە ڕەخساندووە کە دەیانەوێت تەنیا کاری عومرە بکەن.