ڕوبیۆ: گەیشتن بە چارەیەکی هەمەلایەنە و گشتگیر بۆ کێشەی ئۆکرانیا کاتی دەوێت

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت: سبەینێ ترەمپ و پوتن، لە بارەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ئۆکرانیا و چەند پرسێکی دیکە گفتوگۆ دەکەن. جەختی لەوەش کردەوە، گەیشتن بە چارەیەکی هەمەلایەنە و گشتگیر بۆ کێشەی ئۆکرانیا کاتی دەوێت.
پێنجشەممە 14ـی ئابی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە ئۆکرانیا، پێموایە هەموومان دان بەوەدا دەنێین کە پێویستە گفتوگۆیەک لەسەر گەرەنتی ئەمنییەکان هەبێت، هەروەها پێویستە گفتوگۆیەک هەبێت کە باس لە هۆکارەکانی ململانێکان بکات".
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، دەڵێت: سبەینێ دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پوتن، لە ویلایەتی ئالاسکا لە ئەمەریکا کۆدەبنەوە، بە دڵنیاییەوە گفتوگۆ لەبارەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ئۆکرانیا و چەند پرسێکی دیکە دەکەن.
هاوکات ڕوبیۆ هیوای خواست، کۆبوونەوەی سبەینێ ئەرێنی بێت و، هەردوولا بتوانن لەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ئۆکرانیا ڕێکبکەون.
بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا نەیشاردەوە، کە گەیشتن بە چارەیەکی هەمەلایەنە و گشتگیر بۆ کێشەی ئۆکرانیا کاتی دەوێت. گوتیشی: تا جەنگی ئۆکرانیا زیاتر درێژە بکێشێت، کۆتایهێنانی قورستر دەبێت.
سبەینێ هەینی 15ـی ئابی 2025، لە ویلایەتی ئالاسکا لە ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کۆدەبنەوە و، گفتوگۆ لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا، پرسی خاکی ئەو وڵاتە و چەدن پرسێکی دیکە دەکەن.
هەر ئەمڕۆ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند: ئیدارەی ترەمپ زۆر پەرۆشە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، لەم بارەوەش دڵسۆزانە لە هەوڵەکانی بەردەوامە، بۆیە ئێمە ستایشی هەوڵ و هەنگاوەکانیان دەکەین.
بەڵام ترەمپ گوتی: ئەگەر لەگەڵ پوتن، لە بارەی جەنگی ئۆکرانیا و پرسی خاکی وڵاتەکە نەگەیشتمە ڕێککەوتن، ئەوا سزا بەسەر ڕووسیادا دەسەپێنێم.