بن گڤیر هەڕەشە لە زیندانییەکی فەڵەستین دەکات

ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، هێرشی کردە سەر بەشی زیندانی تاکەکەسی لە زیندانی گانۆت. لە میانەی ئەم هێرشەدا، ڕووبەڕووی مەروان بەرغوتی، ڕێبەری زیندانیکراوی فەڵەستینی و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی فەتح بووەوە و هەڕەشەی لێکرد.

بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی، بن گڤیر بە بەرغوتی وتووە: "ئێوە سەرناکەون، هەرکەسێک گەلی ئیسرائیل بکاتە ئامانج و کوڕ و ژنانی ئێمە بکوژێت، ئێمە لەناویان دەبەین، دەبێت ئەمە بزانن".

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی فەڵەستین: حکوومەتی ئیسرائیلی بە بەرپرسیار زانی لە هەڵکوتانە سەر بەرغوتی و هەموو زیندانییەکان. هەڕەشەکانی بن گڤیریان بە "ئیستفزازی و تیرۆری دەوڵەتی ڕێکخراو" ناوبرد.

وەزارەتەکە ڕایگەیاند، بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە لەگەڵ لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور و لایەنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان دەکەن و داوای دەستوەردانی خێرا دەکەن بۆ پاراستنی زیندانییەکان و دڵنیابوون لە ئازادکردنیان.

لای خۆیانەوە بنەماڵەی مەروان بەرغوتی ڕایانگەیاندووە، ترسیان هەیە بە فەرمانی بن گڤیر، لە ژوورەکەی خۆیدا لە سێدارە بدرێت، دوای ئەوەی لە زیندان هەڕەشەی لێکرا.

هەروەها شۆک بوون لە گۆڕانی دەربڕینی دەموچاوی و ئەو ماندوێتی و برسێتییەی کە ئەزموونی دەکات، وەک باقی زیندانییەکان.

لای خۆیەوە حەسەن شێخ، جێگری سەرۆکی فەڵەستین: هەڕەشەکانی بن گڤیری بۆ سەر بەرغوتی بە "تیرۆری دەروونی، ئەخلاقی و جەستەیی" وەسف کرد. ناوبراو داوای دەستێوەردانی خێرای ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی کرد بۆ پاراستنی زیندانییەکان.

مەروان بەرغوتی، لە ساڵی 2002 لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراوە و سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە. ئیسرائیل ناوبراو بە بەرپرسیار دەزانێت لەو ئۆپەراسیۆنانەی کە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە فەتحەوە ئەنجامدراون و بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ئیسرائیلییەکان.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment