بارهەڵگرێک لەسەر پردی هامڵتۆن کەوت و مەترسی خستە سەر ڕێگەکە
درەنگانی شەوی دوێنێ، بارهەڵگرێک بە باری ئاسنەوە، لەسەر پردی هامڵتۆن، لەنێوان قەزای خەلیفان و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەوت و مەترسی لەسەر پردەکە دروستکرد، بەمەش ئاستەنگی هاتوچۆ لە ناوچەکە دروستبوو.
تەیفور گوندەژۆری، پەیامنێری کوردستان24 لە سۆران ڕایگەیاند: لە درەنگانی دوێنێ شەوەوە ڕێگەی سۆران-خەلیفان-هەولێر داخراوە، ئێستا تیمەکانی چاککردنەوەی ڕێگەوبانی سۆران سەرقاڵی دروستکردنی ڕێگەیەکی کاتین بۆ ئەوەی کێشەی هاتوچۆ لەناوچەکە دروست نەبێت.
پردی رێگەی هامڵتۆن لەنێوان قەزای خەلیفان و ئیدارەی سۆرانە، پارێزگای هەولێر بە ئیدارەی سۆران و دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران دەبەستێتەوە، بە پەککەوتنی ڕێگەکە، ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ جوڵەی بازرگانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان دروست دەبێت، سەرباری ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و گەشتیارانیش.
ئەندازیار خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی سۆران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لایەکی پردەکە بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆ بەتەواوی داڕووخاوە، لەدوێنێ شەوەوە کاردەکەین بۆ ئەوەی ڕێگەیەکی کاتی دروست بکەین بۆ ئەوەی ئاستەنگی هاتوچۆ دروست نەبێت، دەڵێت: کەلوپەلی پێویست بۆ دروستکردنی ڕێگە کاتییەکە گەیشتووە، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ڕێگەیەکی وا دروست دەکەین، بارهەڵگرەکانیش بتوانن هاتوچۆی بەسەردا بکەن.
خوسرەت سادق ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵی ئەوە دەدەن بەر لە وەرزی زستان، پردەکە چاک بکەنەوە، دەڵێت: ئێستا پردەکە مەترسی لەسەرە، ئەگەر بارهەڵگرەکان بەسەریدا بڕۆن، ئەگەری هەیە پردەکە بە تەواوی بڕوخێت، بەلای کەمەوە، ئێستا ئۆتۆمبێلی بچووک دەتوانێت هاتوچۆی لەسەر بکات، لەڕووی ئەندازییەوە ڕێگاکە بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بچووک سەلامەتە.