جیهان لە چاوەڕوانی بڕیارەکانی ئالاسکایە

کۆشکی سپی ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دیداری سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پوتن، ڕۆژی هەینی کاتژمێر 11ـی بەیانی ( 19:00بە کاتی گرێنچ) لە شاری ئانکۆرێج لە ویلایەتی ئالاسکا بەڕێوەدەچێت.

ترەمپ ڕۆژی هەینی کاتژمێر 6:45ـی  بەیانی بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا (10:45 بە کاتی گرێنچ) کۆشکی سپی بەجێدەهێڵێت و هەر لە هەمان ڕۆژدا کاتژمێر 5:45ـی ئێوارە بە کاتی ئالاسکا، ئانکۆرێج بەجێدەهێڵێت، بڕیارە بەیانی ڕۆژی شەممە بگەڕێتەوە کۆشکی سپی.

کارنامەی لووتکەی پوتن و ترەمپ

پێشتر کۆشکی سپی کارنامەی لووتکەی نێوان پوتن و ترەمپی ئاشکرا کرد کە بڕیارە ڕۆژی هەینی لە ویلایەتی ئالاسکای ئەمریکا بەڕێوەبچێت.

لە بەیاننامەیەکی کۆشکی سپیدا هاتووە کە دۆناڵد ترەمپ، ڕۆژی هەینی لە واشنتنەوە بەرەو ویلایەتی ئالاسکا بەڕێدەکەوێت کە بڕیارە لەوێ لەگەڵ هاوتا ڕووسییەکەی، ڤلادیمیر پوتن، لە لوتکەیەکی دووقۆڵیدا کۆببێتەوە.

لە بەیاننامەکەی کۆشکی سپیدا ئاماژە بەوەشکراوە، دوای گفتوگۆ داخراوەکانی نێوان هەردوو سەرکردە، خوانێکی هاوبەش بە ئامادەبوونی شاندی هەردوو وڵات بەڕێوەدەچێت، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پتەوکردنی دیالۆگەکان لە نێوان مۆسکۆ و واشنتندا.

یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا، ڕایگەیاندووە، دیدارەکە ئەمڕۆ هەینی کاتژمێر 10:30ـی شەو بە کاتی مۆسکۆ، بە کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی بە ئامادەبوونی وەرگێڕەکان دەستپێدەکات.

هەروەها گوتیشی: دوای کۆبوونەوەکە، پوتن و ترەمپ کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئەنجام دەدەن.

ئوشاکۆڤ ئاماژەی بە شوێنی بەستنی لوتکەی دوو سەرکردەکە کرد لە نزیک مەزاری یادگاری فڕۆکەوانە سۆڤیەتییەکان کە شانبەشانی هاوتا ئەمریکییەکانیان لە جەنگی جیهانی دووەمدا گیانیان لەدەستدا، ڕووسیا لە مانگی ئایاری ڕابردوودا یادی سەرکەوتنی تێدا کردەوە.

ئوشاکۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، بابەتی سەرەکی دیداری نێوان هەردوو سەرۆک، چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا و ڕێگاکانی پتەوکردنی هاریکاری دوولایەنەیە.

گوتی: "هاریکاری نێوان ڕووسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەستپێدەکەن کە تا ئێستا کاریان لەسەر نەکراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، شاندی ڕووسیا پێکهاتوون لە یاریدەدەری سەرۆک پوتن، یوری ئوشاکۆڤ، وەزیری دەرەوە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دارایی ئەنتۆن سیلوانۆڤ، و سەرۆکی سندوقی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی ڕووسیا، کیریل دیمیتریێڤ.

ئوشاکۆڤ لە کۆتایی قسەکانیدا ئەگەری ئەوەی خستەڕوو کە دیداری داهاتووی نێوان پوتن و ترەمپ لە ڕووسیا بەڕێوەبچێت.