ئایشەگوڵ: لەکاتێکدا باسی ئاشتی دەکەین، ئۆپەراسیۆنی دژی دیموکراسی دەکرێت
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی دەڵێت: ئەگەر پرسی کورد چارەسەر نەکرێت تورکیا دیموکراسی نابێت.
هەینی 15ـی ئابی 2025، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان) دەم پارتی( لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا گوتی:"دەستگیرکردنی ئەوانەی لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراون، دژی یاسایە، دژی دیموکراسییە، ئەمە شەرمەزاریە بۆ دەسەڵات کە بەردەوامیی بەم ئۆپەراسیۆنانە دەدات، لە کاتێکدا تورکیا لە دۆخێکی هەستیاردایە".
ئایشەگوڵ ئاماژەی بەوە کرد، ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمڕۆی شارەوانی بای ئۆغلو لە ئیستانبوڵ ئەنجامدرا، دژی پرۆسەی ئاشتییە، گوتی:"ئەگەر پرسی کورد چارەسەر نەکرێت، تورکیا دیموکراسیی نابێت"، بۆیە ئێمە دژ بەو ئۆپەراسیۆنە خۆنیشاندانی جەماوەری دەکەین و پێویستە هەموو گەلی تورکیا و خەڵکی خۆمان تێبگەیەنین چی لە پرۆسەی ئاشتی دەگوزەرێت.
گوتەبێژی دەم پارتی دووپاتی کردەوە، خەڵکی باکووری کوردستان و ئەندامانی پەرلەمان، پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی دەکەن، گوتی:" ئێمە چاودێری کارەکانی کۆمسیۆنەکەی پەرلەمان دەکەین کە بۆ پرۆسەی ئاشتی دامەزراوە، هەماهەنگی دەکەین بۆ سەرخستنی کارەکانی، پێویستە کارەکانیان لە چاوەڕوانی خەڵکدا بێت و کار بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکان بکات، پێداگری کرد لەوەی، پێویستە کۆمسیۆن زەمینەیەکی یاسایی بۆ پرۆسەکە ڕێکبخات، دەسەڵاتیش پشتیوانی کارەکانی کۆمسیۆنەکە بکات، گوتی: پێویستە کۆمسیۆنەکە بە یەکسانی و دادپەروەری کاربکات.
ئایشەگوڵ دۆغان، ڕایگەیاند: بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆمسیۆنەکە لەگەڵ خەڵک و لایەنە جیاوازەکان کۆببێتەوە، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی، دەڵێت: بە داوای ئێمە کۆمسیۆنەکە ئەم هەنگاوەی نا، گوتی: ئێمە لیستێکمان بە کۆمسیۆنەکە داوە، ناوی ئەو کەسانەی تێدایە کە کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی ئاشتی هەیە.