گوڵستان کلیچ: پێویستە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەڵبوەشێتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە کۆمیسیۆن گوێ لە بۆچوونەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بگرێت، دەربارەی پرۆسەی ئاشتی.
گوڵستان کلیچ کۆچیگیت سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان( دەم پارتی) لە پەرلەمانی تورکیا، ڕایگەیاند: زۆر گرنگ و بەمانایە کە کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانی بە بەشداری بەرفراوانی هەموو لایەنە سیاسیەکان لە پەرلەمان پێکهێنرا و بەم شێوەیە ئیرادەی سیاسی بۆ چارەسەری دیموکراسی پرسی کورد نیشاندا.
کۆچیگیت گوتی: لە چوارچێوەیەی ئەم کۆمیسیۆنە دا، سەرەتا گوێ لە کەسانی بە ئەزموون و شارەزا و دامەزراوەکان دەگیرێت و بەرنامەیەکی کار هەیە. بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات پێویستی بەدرێژکردنەوەی کاتی زیاتر هەیە، ئێمە ئەم پێشنیازەمان کردووە، چونکە تەنیا کۆبوونەوەی هەفتانە بەس نییە، لەبەر ئەوەی بەو شێوەیە کۆمیسیۆن ناتوانێت پرۆسەکە بەڕێوەببات.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد پێویستە هەندێک گۆڕانکاری یاسایی بکرێت و یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەڵبوەشێتەوە، هەروەها خاڵی گرنگ لەم کۆمیسیۆنەدا بە دروستی دەستنیشانکردنی ڕیشە و هۆکارەکانی پرسی کوردە.
باسی لەوەش کرد، ئەوەی پێویستە سەرەتا بکرێت وەڵامدانەوەی پێویستییەکانی پرۆسەکەیە بە ئەنجامدانی هەموارکردنەوەی یاسایی کە پێویستە بە خێرایی ئەنجام بدرێت، هەڵسەنگاندنی پرسی کورد تەنیا پەیوەیست نییە بە چەکدانانەوە.
زیاتر گوتی: هەم بە ناوهێنانی پرۆسەکە و هەم بە پێناسەکردنی پرسەکە، دەسەڵات هێشتا لە ڕوانگەی سەربازییەوە سەیری پرسی کورد دەکات و هەر لە یەکەم ڕۆژدا گوتمان لە کاتێکدا باسی چارەسەری لە تورکیا دەکەین، شەڕی کورد لە سووریا قبووڵ ناکەین، بە هێرشکردنە سەر ئازادی و مافە بنەڕەتییەکانی کورد لە باشووری کوردستان، ناتوانرێت ئاشتی لە تورکیا جێگیر بکرێت، بۆیە پێویست بە سیاسەت و ڕێبازێکی یەکگرتووانە هەیە. چونکە کورد بەم شێوەیە سەیری پرسەکە دەکات، ئێمەش بەم شێوەیە دەبینین. عەقڵیەتێکی سیاسی کە ئەمە نەبینێت ناتوانێت چارەسەرێکی هەمیشەیی بێنێتە ئاراوە، ئێمەش ئەم ڕوانگەیە قبووڵ ناکەین هێرش بکرێتە سەر کورد لەهیچ پارچەیەک.
جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە کۆمیسیۆن وەک دانوستانکاری سەرەکی گوێ لە بۆچوون و ڕێنماییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بگرێت.
هەر ئەمڕۆ هەینی، ئایشەگوڵ، گوتەبێژی دەم پارتی، ڕایگەیاند: ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمڕۆی شارەوانی بای ئۆغلو لە ئیستانبوڵ ئەنجامدرا، دژی پرۆسەی ئاشتییە.