ھەڵگورد نەجیب: پردێكی جێگرەوە لە تەنیشت پردە تێكشكاوەكەی ڕێگەی خەلیفان-سۆران دروست ده‌كرێت

ھەڵگورد نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
ھەڵگورد نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند: پردێکی جێگرەوە، لە تەنیشت پردە تێکشکاوەکەی ڕێگەی خەلیفان-سۆران دروست دەکرێت.

هەینی 15ـی ئابی 2025، ھەڵگورد نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا، پردێکی جێگرەوە بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێل، لە تەنیشت پردە تێکشکاوەکەی ڕێگەی خەلیفان-سۆران دروست دەکرێت.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو پردەی کە دروست دەكرێت، ھەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێك دەتوانێت بەسەریدا بپەڕێتەوە".

درەنگانی شەوی ڕابردوو، بارهەڵگرێک لەسەر پردی هاملتۆن، لە نێوان قەزای خەلیفان و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران وەرگەڕا و، مەترسی لەسەر پردەکە دروست کرد، بەمەش ئاستەنگی هاتووچۆ لە ناوچەکە دروستبوو.

لەو بارەیەوە تەیفور محەممەد، پەیامنێری کوردستان24 لە سۆران ڕایگەیاند: لە درەنگانی دوێنێ شەوەوە ڕێگەی سۆران-خەلیفان-هەولێر داخراوە، ئێستا تیمەکانی چاککردنەوەی ڕێگەوبانی سۆران سەرقاڵی دروستکردنی ڕێگەیەکی کاتین بۆ ئەوەی کێشەی هاتوچۆ لە ناوچەکە دروست نەبێت.

 
Fly Erbil Advertisment