باڵیۆزی ڕووسیا لە ئەمەریکا: لە ئایندەیەکی نزیکدا جارێکی دیکە لەگەڵ ئەمەریکا کۆدەبینەوە

ئەلێکسەندەر دارتچییڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند: بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی خاڵی ناکۆکی نێوان هەردوولا، جارێکی دیکە هەردوو لایەنی ڕووسی و ئەمەریکی کۆدەبنەوە.

شەممە 16ـی ئابی 2025، ئەلێکسەندەر دراتچییڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەبارەی کۆبوونەوەی لوتکەی ئالاسکا لەنێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، ڕایگەیاند: ئامانج لە کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا ئەوەیە، چارەسەری خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەردوولا بکرێت و پەیوەندییەکان لەنێوان ئەمەریکا و ڕووسیا، ئاسایی بکرێنەوە.

ئەلێکسەندەر دراتچییڤ ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕێ دەکرێت کۆبوونەوەی داهاتوو، سەرنج بخاتە سەر ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان، دەڵێت، پێویستە خاڵە ناکۆکەکان لە نزیکترین کاتدا چارەسەر بکرێن.

هەینی 15ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لەبارەی ئاشتی و ئاگربەستی ڕێککەوتنی ئۆکرانیا و چەند پرسێکی دیکە لە ویلایەتی ئالاسکا کۆبوونەوە.

دۆناڵد ترەمپ لەبارەی کۆبوونەوەی لوتکەی ئالاسکا ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ پوتن سەبارەت بە پرسگەلێک دانوستانم کرد، لەوانە ناتۆ و ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و پرسی خاک، گوتیشی: پێموایە زۆر نزیک بووینەتەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن.

هەر لە گوتەکانی بۆ فۆکس نیوز، سەرۆکی ئەمەریکا ئامۆژگاری هاوتا ئۆکراینییەکەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی کرد، کۆتایی بە  شەڕی ئۆکرانیا بێنێت و ڕێککەوتن بکات.