ئیتاڵیا: له گرژییه‌كانی نێوان یۆنان و توركیا پاڵپشتی ئه‌سینا ده‌كه‌ین
ئیتاڵیا: شانبه‌شانی یۆنان و قوبرس ده‌وه‌ستین
.gif)
K24- هه‌ولێر:
ئیتاڵیا پاڵپشتی خۆی له ململانێكانی نێوان یۆنان و قوبرس له‌گه‌ڵ توركیا بۆ ئه‌و دوو وڵاته راگه‌یاند و گوتی: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دانوستانی بونیاتنه‌ر باشترین چاره‌سه‌ره بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناكۆكیانه.
لویجی دی مایۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیا له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ مایك پۆ‌مپێیۆ، هاوتا ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ی گوتی: "شانبه‌شانی یۆنان و قوبرس ده‌وه‌ستین، به‌ڵام توركیاش هاوبه‌شێكی ئێمه‌یه له ناوچه‌كه و هاوپه‌یمانێكی ناتۆیه. ئێمه به‌رگری له كاری بونیاتنه‌ر له‌گه‌ڵ توركیا ده‌كه‌ین، ده‌كرێت ئه‌مه‌ریكاش رۆڵێكی سه‌ره‌كی له ده‌ستپێكردنی دانوستانی شه‌فاف و كراوه له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره ببینێت".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، هه‌ریه‌ك له قوبرس و یۆنان كار له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی پاڵپشتی ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی خواسته‌كانی توركیا له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاست ببنه‌وه، كه ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه ئه‌نقه‌ره ده‌ستی به كنه‌وپشكنین بۆ گه‌ڕان به‌دوای سه‌رچاوه‌ی وزه له‌و ناوچه‌یه كردووه.
له مانگی حوزه‌یرانی رابردووش هه‌ریه‌ك له ئه‌سینا و رۆما رێكه‌وتنێكیان له‌باره‌ی سنووره ئاوییه‌كان واژۆ كرد، كه ئه‌و رێكه‌وتنه تایبه‌ته به ناوچه‌ی ئابووری له نێوان ئه‌و دوو وڵاته و كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ردوو لا له‌باره‌ی راوكردن له ده‌ریای ئایۆنی چاره‌سه‌ر ده‌كات.
رێكه‌وتنه‌كه‌ی یۆنان و ئیتاڵیا دوای ئه‌وه بوو، پێشتر هه‌ریه‌ك له توركیا و لیبیا رێكه‌وتنێكی هاوشێوه‌یان له‌باره‌ی سنووره ئاوییه‌كان واژۆ كردبوو، ئه‌مه‌ش تووڕه‌یی یۆنانی لێكهوتهوه و ئه‌م هه‌نگاوه‌ی توركیا و لیبیای به ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر ماف و سه‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی ناوبرد.
H.B